مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە "مێژوویی" بووە. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک ترەمپ داوای ڕاگرتنی شەڕی کردووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن دیلەکانی داعش بگوازنەوە و هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا یەکبخەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دان بە ڕاستییەکی مەترسیداردا دەنێت و دەڵێت: "زۆر گرنگ بوو گیراوانی داعش لە سوریاوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق." جەختیشی کردەوە کە پێویستە ڕێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و کورد جێبەجێ بکرێت هەرچەندە ئاسان نییە، هەروەها دەبێت لەگەڵ دروز و بەدەوییەکان و عەلەوییەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەش ڕێککەوتن بکرێت.