جام کوردی - ڕۆژنامەی زایۆنیستی "ئۆرشەلیم پۆست" ئاشکرای کردووە، گواستنەوەی دیلەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، بێمتمانەیی واشنتۆن بە حکوومەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگۆزەری سووریا نیشان دەدات.

ڕۆژنامەی زایۆنیستی "ئۆرشەلیم پۆست" بە پشت بەستن بە شارەزایان بڵاویکردەوە، گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا پێنج هەزار و 700 کەسی گومانلێکراوی ئەندامی ئەو تاقمە تیرۆریستییەی گواستراوەتەوە، نیشانەی نەبوونی متمانەی ڕاستەقینەی واشنتۆن بە ڕژێمی ئەحمەد شەرعە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "المعلومە"، ئیتان گۆلبۆ، بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بار ئیلان و مامۆستای پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە زانکۆی ڕیشمان، بە ڕۆژنامەی عیبریی ڕاگەیاندووە: "ئەحمەد شەرع کە پێشتر بە ئەلجۆلانی ناسراوە، هێشتا توانای و ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی ناوچەکە بە ڕاگرتنی زیندانییەکان نەسەلماندووە".

هەر لەو پێوەندییەدا، ناوەندی جوولەکەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش شیکارییەکی هاوشێوەی لەسەر ئەو پرسە پێشکەش کرد و هۆشداری دا لەوەی کە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا ئێستا لە بنەڕەتدا دژ بەیەک بووە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکە بە ئاماژەدان بە کشانەوەی ئەمریکا لە بنکەی ئەلتەنف وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم ئیدیعایە ڕایگەیاندووە: ئەگەر دیمەشق بەتوانا و متمانەپێکراو بووایە، دەبوو دەستگیرکراوانی داعش لە سوریا بمێننەوە و ئەگەر دیمەشق بێتوانا یان جێی متمانە نەبووایە، دەبوو ئەلتەنف لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا بمێنێتەوە. حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت لە یەک کاتدا هەردوو هەڵوێستەکە بگرێتەبەر.