بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، داریوش فەرمانی ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: سنوور و هەرێمی شەش شوێنەواری مێژوویی کە بریتین لە گردی مێژوویی گەنج دەڕە لە هەرسین، گردی بۆر لە جوانڕۆ، گردی تەلیسم لە داڵاهو، گردی کەلەگا زەمان لە سۆنقۆر و کولیایی، گۆڕ دەخمەی دووکان داود لە سەرپۆڵ زەهاو و ماڵی مۆرادی بێستونی لە شاری کرماشان، بە وردی دیاری کراون و تۆمار کراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: بە دیاریکردنی سنوور و هەرێمەکان، هەر جۆرە بیناسازی و ئۆپەراسیۆنێکی گەشەپێدان و دەستێوەردانێکی فیزیکی لە سنووری ئەم شوێنەوارانەدا تەنها لە چوارچێوەی ڕێسا پەسەندکراوەکان و دەرەوەی سنوورە دیاریکراوەکاندا دەبێ ئەنجام بدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگیی کرماشان، تۆماری نیشتمانیی شوێنەوارەکانی بە ناساندنی میراتی مێژوویی زانی و ڕایگەیاند: ئەم پرۆسەیە جگە لە دابینکردنی بنەمایەک بۆ پاراستنی یاسایی، ئەگەری پلاندانانی زانستی و چاودێریی بەردەوام دەڕەخسێنێت و ڕێگری لە لەناوچوونی نەخوازراو یان قازانجخوازانە دەکات.
فەرمانی بە جەختکردنەوە لەسەر فرەچەشنی و چڕیی شوێنەوارە مێژووییەکانی کرماشان لە پێش مێژووەوە تا سەردەمی ئیسلامی وتی: بە هۆی فراوانیی شوێنە مێژووییەکانی ئەو پارێزگایە، دیاریکردنی سنووری یاسایی ئاسەوارەکان پێویستییەکی بەڕێوەبردنە و هەنگاوی یەکەمە بەرەو پاراستنی پرەنسیپی سەروەت و سامانی ناسنامە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: دیاریکردنی سنووری یاسایی شوێنەوارەکان هەروەها بنەمای هەماهەنگی و مامەڵەی باشتر لەگەڵ دەستە جێبەجێکارەکان، شارەوانییەکان و دانیشتوانی ناوچەکە بەهێزتر دەکات، هەروەها ڕێگری دەکات لە ناکۆکی و دەستدرێژیکردنە سەر تایبەتمەندی میراتەکان.
بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگیی ئەو پارێزگایە لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە، پرۆسەی دەستنیشانکردن، تۆمارکردن و دیاریکردنی تایبەتمەندی ئاسەوارە مێژووییەکانی کرماشان بە جددییەوە بە ئامانجی پاراستنی میراتی فەرهەنگی و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوامە.