بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگاری کرماشان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئەو پڕۆژانە بە بۆنەی دەیەی پڕ بەرەکەتی فەجر، بە بڕی ٤ هەزار و ٢٠٠ میلیارد تمەن، بۆ ئەم ٤٢ پڕۆژەیە کراوە، ڕاگەیاند و وتی: دامەزراندنی ڕاستەوخۆ بۆ ١ هەزار و ٢٤٩ کەس بە کارپێکردنی ئەو یەکانە ڕەخساوە.
مەنووچێهر حەبیبی بە ئاماژە بە توانا پیشەسازییە هەمەچەشنەکانی ئەو پارێزگایە زیادی کرد: کرماشان لە بواری پیشەسازی بچووک، مامناوەند و گەورەدا توانای بەرزی هەیە و لە ئێستادا ٢٤ شارۆچکەی پیشەسازی چالاک لە پارێزگاکەدا بوونی هەیە کە بە دابەشکردنی گونجاو، ئەگەری گەشەسەندنی پیشەسازی هاوسەنگیان دابین کردووە.
ناوبڕاو ئاماژەی دا کە، ژمارەی یەکە پیشەسازییە بچوک و مامناوەند و گەورەکان لە پارێزگاکەدا نزیکەی ٩٤١ یەکەیە و وتی: لەو ژمارەیەش ٨٧٥ یەکە چالاک و نیمچە چالاکن و پلاندانان بۆ گەڕانەوەی یەکە ناچالاکەکان بۆ خولی بەرهەمهێنان لە بەرنامەی کاریدایە.
پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە پشکی کەرتی پیشەسازی و کانگا لەو پارێزگایەدا نزیکەی لەسەدا ٢٧ی بەهای زیادکراو و لەسەدا ٢٥ی دامەزراندنە و زیادی کرد: ئامانجی ئیدارەی پارێزگاکە زیادکردنی پشکی پیشەسازییە لە پێوەرەکانی ئابووری و دامەزراندندا.
حەبیبی هەروەها ڕایگەیاند کە ١ هەزار و ١٥٦ یەکەی پیشەسازی و کانگا لە پارێزگاکەدا لە قۆناغی دروستکردندان، و وتیشی: زیاتر لە سەدا ٦٠ی ئەو یەکانە پێشکەوتنی فیزیکی بەرچاویان بەدەستهێناوە، و پێشبینیش دەکرێت بەشێکی زۆریان لە ماوەی یەک بۆ دوو ساڵی داهاتوودا بخرێنە کار و کاریگەر بن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریدا.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێگەی سنووری کرماشان وتی: وەک دەروازەی پیشەسازی و بازرگانیی وڵات، سێهەم ناوەندی پترۆکیمیایی و یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانی لەگەڵ عێراق، ئەم پارێزگایە توانای بەرزی هەیە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییە هەناردەکارەکان و پێویستە ئەم سوودە زۆرتر بێت بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی هەناردەکردن