گرنگی ساڵیادی شۆڕشی گەلانی ئێران
فەرامەرز ئەسەدی سەبارەت بە گرنگی ئەم بۆنەیە وتی: ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان ڕۆژێکی زۆر گرنگ و پڕ بەرەکەتە بۆ ئێمە و نەتەوەی ئێران، چونکە ڕۆژی سەرکەوتنی ستەملێکراوان بەسەر ستەمکار و ڕۆژی دەرکردنی بێگانە لە وڵاتدایە، ئێمە سەردەمانێک وڵاتێکی وابەستە بووین، بەڵام ئەمڕۆ بە تەواوی سەربەخۆین.
ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کونسوڵی ئێران وتی: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردستان لە باشترین بارودۆخدایە و هەردوولا پێی ڕازین، ئێمە لە هەموو بوارەکاندا هاوکارین، لەوانە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەمنی، ئابووری، بازرگانی، سنوورەکان و گەشتیاری و هەوڵدەدەین زیاتر پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە، قەبارەی بازرگانی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو چەند زیادی کردووە؟ ئەسەدی وتی: “لە ئێستادا ئامارێکی وردم لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بڵێم زیادی کردووە یان کەمی کردووە، بەڵام جوڵەی سنوورەکان و پرۆسەی بازرگانی بەردەوامە، هیوادارم زیاتر لە پێشوو فراوانتر بێت".
وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، و لە وەڵامی ئەوەی کە، لە ئێستادا سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا ڕاکێشراوە؟ کونسوڵی ئێران ڕایگەیاند، "ئێمە پرسێکی لۆژیکی و یاساییمان لەگەڵ جیهاندا هەیە، ئەمریکییەکان پرسیاریان هەیە و ئێمەش وەڵاممان هەیە، بەڵام دەبێت وەڵامی ئێمەش بدەنەوە، کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئامادەبووە بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ڕێز لە داواکارییەکانمان بگرێت و لەبەرچاویان بگرێت، بۆچی نابێ بگەینە ئەنجامێک؟ ئێمە بەدوای گفتوگۆ و پەیوەندییەکانیشدا دەگەڕێین".