بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم پێشانگایە لە 5 تا 8ی مانگی جۆزەردانی ساڵی 1405 لە ناوەندی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
کەمترین قەبارەی کۆشک بۆ بەشداربووان ١٢ مەتری چوارگۆشەیە و نرخی هەر مەتر چوارگۆشەیەک 280 دۆلارە. دوای ڕاوێژکارییەکان، داشکاندنی 100 دۆلار بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک لەبەرچاو گیرا، کە تێچووی کۆتایی بۆ 180 دۆلار کەمکراوەتەوە
هەروەها بۆ ئەوانەی کە تا 25ی ڕەشەمە ناویان تۆمار دەکەن خزمەتگوزاری وەک ناردن و پاککردنەوەی کاڵاکان، پێدانی بەشێک له باجی هەنارده و هاوردەکردن (تا له سەدا پێنج)، حجزکردنی هۆتێل و وەڕگێڕ، دروستکردنی کۆشکێکی تەواو تەیار و خزمەتگوزاری گواستنەوە به هاوکاری ژووری بازرگانی سلێمانی پێشکەش دەکرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا، شاقایق خێبرە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پارێزگای کرماشان و ئەندامی کۆمپانیای پێشانگای سورێنا سپێهری پارسیان، ئامادەبوونی نزیکەی 15 کۆمپانیای کرماشانی لەم چالاکییەدا ڕاگەیاند و وتی: ئەم کۆمپانیایانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، بیناسازی و پترۆکیمیاییدا چالاکن و بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی وەکوو بەرهەمی ستاندارد، کوالیتی بەرز و توانای ڕکابەریکردن لەگەڵ بەرهەمی تورکی و چینیدا، هەڵبژێردراون.
بە گوتەی ناوبراو، ئەو پیشەسازییانەی کە سوودی هەناردەکردنیان هەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش لە پێشینەی کارەکانیاندا دانراوە.
خێبرە، بە ئاماژەدان بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی B2B وتی: هەماهەنگی لە ئارادایە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە بازرگانییەکان لە ڕێگەی ژوورەکانی بازرگانی و بە بەشداری پارێزگاکانی دیکە.
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە: بەر لە ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر تەواوی بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بوونی کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕ بێت و تەنیا لە ئامادەبوونێکی نمایشیدا سنووردار نەبێت.
شەقایق خێبرە هەروەها پێشبینیی ڕێوشوێنەکانی درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان، پاش کۆتاییهاتنی پێشانگاکە ڕاگەیاند و وتیشی: بە پاڵپشتی کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی، بنەمای پێویست بۆ بەدواداچوونی دانوستان و هاوکاریی زیاتر دابینکراوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری پڕۆژەی پارێزگای کرماشان، بوونی کۆمپانیاکانی ئەو پارێزگایە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی پشکی بازاڕ و بەهێزبوونی داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و کەڵک وەرگرتن لە سوودی کێبڕکێی کرماشان (کەمبوونەوەی تێچووی گواستنەوە).
بە وتەی ڕاگەیاندنی ڕێکخەران، لە کۆی گشتیی نزیکەی 11ملیار دۆلاری ساڵانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق، نزیکەی 5 ملیار دۆلاری پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ توانایەک کە شاری سلێمانی کردۆتە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی هەناردەکردنی ئێران.
جگە لەوەش ژمارەی سەردانەکانی بازرگانانی عێراق و ژمارەی گرێبەستە واژۆکراوەکان و گەشەی بەهای هەناردەکردنی پارێزگاکە وەک نیشاندەری سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی ئەم بۆنەیە ڕاگەیەندراوە.