جام کوردی - بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێ، دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤ، بە ئەنجامی ئەرێنی و پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان کۆتاییان هات.

وەزیری دەرەوەی عومان رۆژی سێشەممە، 17-02-2026  لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، کەشی کۆبوونەوەکان "بنیاتنەرانە" بوو؛ گوتیشی، هەردوولا "هەوڵی جیدییان دا بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و تاوتوێکردنی بابەتە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان".

 داڕشتنی بنەماکانی رێککەوتنی کۆتایی

 بوسەعیدی رایگەیاند، هەردوولا توانیان ژمارەیەک "بنەما" بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دیاری بکەن؛ هەروەها سوپاسی رۆڵی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد و بە کاریگەر ناوی برد.

سەبارەت بە داهاتووی گفتوگۆکان، وەزیری دەرەوەی عومان گوتی، هەرچەندە هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێ، بەڵام هەردوولا بە وێنەیەکی روون و دەستنیشانکردنی "هەنگاوەکانی داهاتوو" جنێڤیان جێهێشت تاوەکو بەر لە دەستپێکردنی گەڕی نوێی کۆبوونەوەکان ئامادەکارییان بۆ بکەن.

 ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی عومان دوای ئەوە دێن کە تاران و واشنتن لە جنێڤ گەڕی دووەمی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەبوونی رێککەوتنێکی ئەتۆمی.