وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، موحسین پاکنەژاد و سێرگی تسیلیڤ لە تاران لە باڵەخانەی ناوەندی وەزارەتی نەوت لە سەروبەندی نۆزدەهەمین کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاری ئابووریی نێوان دوو وڵات کۆبوونەوە.
لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، لەوانە نەوت و وزە، گواستنەوە، پەرەپێدانی بازرگانی، و تەواوکردنی بەڵگەنامەکانی هاوکاری کە لە کۆمیسیۆنە هاوبەشە ئابوورییەکانی ئێران و ڕووسیا واژۆ کراون، کردەوە.
وەزیری وزەی فیدراسیۆنی ڕووسیا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ شاندێکی پلە باڵا، بەمەبەستی بەشداریکردن لە نۆزدەهەمین کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاری ئابووری ئێران و ڕووسیا گەیشتە تاران.
نۆزدەهەمین کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاری ئابووری ئێران و ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە لە تاران دەستی بە کارەکانی کرد و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووی ١٦ گرووپی کاری تایبەتمەند لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری کۆبوونەوەی جیاوازیان ئەنجامدا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا تا دواجار ڕەشنووسی بەڵگەنامەی کۆتایی ئامادەکرا بۆ واژۆکردنی لە کۆبوونەوەی فەرمی کۆمیسیۆن.
ئەم کۆبوونەوە فەرمییە سبەی چوارشەممە بە ئامادەبوونی پاکنەژاد و تیسیلیۆڤ، وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووری ئێران و ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.