بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەردار کیاست سپێهری لە میانەی سەردانێکیدا بۆ تێرمیناڵی سنووریی پەرویزخان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئاسایشی زۆر باش لەم سنوورەدا زاڵە و هەناردەکردنی کاڵاکان بۆ عێراق بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: هێزەکانی پاسەوانی سنوور 24 کاتژمێر لە بوارەکانی دابینکردنی ئاسایش و ئاسانکاری هاتوچۆ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخچییەکان چالاکن و ئەم ئامادەبوونە بەردەوامەش بنەمای گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی دابینکردووە.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای کرماشان بە ئاماژە بە هەنگاوی چارەنووسساز لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و بە تایبەت قاچاخی سووتەمەنی وتی: بارودۆخی سنوورەکان بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر قەت هاتوچۆی ناڕێک لەم ناوچەیەدا نابینین.
سپێهری مامەڵەی بنیاتنەری لەگەڵ دەزگا بەرپرسەکان و لایەنی عێراقی بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئاسانکاری هەناردەکردن زانی و وتی: هەماهەنگی نێوان کەرتەکان و خزمەتگوزارییە ڕێکوپێکەکان لە خاڵی سفری سنووری بووەتە هۆی ڕەزامەندی چالاکانی ئابووری و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ گەشەی زیاتری هەناردەکردن.
سپێهری لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: پاسەوانی سنوور لە خزمەت بازرگانان و شۆفێراندایە کە لە چوارچێوەی یاسادا بە هەموو تواناکانیانەوە کاردەکەن و ئەم ڕەوتە گەشەسەندووەش بە بەهێزکردنی هاوکاری و پاراستنی ئاسایشی بەردەوام دەبێت.