جام کوردی - ئەشکان فەهیم: «هەنارۆک»یان «ئەفسانەی لووتکەی چیای کانی هەتاو» دووهەمین بەرهەمی منە و دە ژانری ڕۆمان و بۆ تەمەنی مێرمنداڵان هاتووەتە نووسین و لە بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە لایان بڵاوگەی ڕاژە چاپ کراوە.
یەکەم بەرهەمی من ، کۆمەڵە چیرۆکی «شاری پێکەنینە دزراوەکان» لە بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی لە لایان چاپەمەنی ڕێگا چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە بەداخەوە بە بۆنەی لە زیندان بوونی من ئەوجۆرەی شیاوە بڵاو نەبۆوە و نەناسرا.
دە یاداشتی کۆتایی کتێبەکەدا بزێو و چیرۆکی چۆنێتی نووسینی هەنارۆک دە بەندیخانەی مەهاباددا نووسرابوو کەچی بەداخەوە یاسا و ڕێساکان ئیزنی چاپ و بڵاوبوونەوەی پێنەدا :
هەنارۆک پێشکەش کراوە بە کچێک بە ناوی گەشین[و هەموو منداڵانی وڵات] و دەسپێک وەک پرسە و سەرەخۆشی و دڵدانەوەیەک بوو بۆ گەشین کە باوکی (هاوڕێی خۆشەویستی من) لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لە دەست دا.
بەڵام هەنارۆک بوو بە چیرۆکی ململانێی نێوان «هیوا» و «بێ هیوایی» و بوو بە سەفەر و تێکۆشانێک بۆ تاراندنی هەورە ڕەشە و تاریکی و گەڕاندنەوەی تیشک و تینی هەتاو بۆ ئاسمانی ژیان…
هەنارۆک بە ئامانجی نزیکایەتی و ئامۆزایەتی بەرهەمی وەک شازادە بچکۆلی ئێگزۆپێری و ماسی ڕەشە چکۆلەی بێهڕەنگی خووڵقاوە.یانی بەرهەمێک هەم بۆ منداڵە بچووکەکان و هەم بۆ منداڵە گەورەکان.
«لە نێوەڕاستی پێدەشتێکی پڕ لە گوڵەبـەڕۆژە چیایەکی بڵیند سەری هەڵدابوو.چیایەکی ئەوەندە بەرز کە جگە لە پیرە ئەفسانەزانەکان،کەس نەیدەزانی لووتکەی تا کوێی ئاسمانەکان چووە.لە قەدپاڵی ئەو چیایە وڵاتێک هەبوو بە نێوی کانی هەتاو.کانی هەتاو بە ساڵان بوو نووقمی تەم و مژ بوو.هەورێکی ڕەش و خەست و خوێنتاڵ باڵی بە گشت لایەکدا کێشابوو…» -دەسپێکی هەنارۆک-
ھەروەھا لەسەر پشتی بەرگی ئەم بەرھەمە ھاتووە: «ئەوەی دەیدیت وەک خەون دەچوو.میهرەبان خاتوو بۆی باوەڕ نەدەکرا ، دار هەنار کە چەن ساڵ ویشک و ڕووت بوو و تاکوو تاوێک لەوەی پێش شکاو و سووتاو و نیوەگیان بوو ، هێستاکە ساخ و سڵامەت و زیندوو ببۆوە.
لەسەر هەر لقەی دارهەنار هەزار هەزار چرۆی سوور و گەش و جوان ڕوابوو.میهرەبان خاتوو هەرگیز دارهەناری ئەوها بە جوانی و ڕازاوەیی نەدیتبوو.حەوشە و سەربان و هەموو ماڵەکە تاقە یەک هەوریشی لێ نەمابوو.ئاوی حەوزەکە ڕوون و خاوێن ببۆوە و دوو ماسی زێڕین تێیدا سەمایان دەکرد.باخچە بە بەیبوون و وەنەوشە خەمڵیبوو…»