ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ، خولی دووەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی هات و بڕیار بوو لایەنەکان کار لەسەر دەقەکانی ڕێککەوتنێکی ئەگەری بکەن بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وادەیەکی دیکە بۆ خولی سێیەمی دانوستانەکان.

کەناڵی ئەی بی سی نیوز ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: “ئەمریکا بیر لە هەڵگرتنی سزا دارایی و بانکی و قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوت لە دژی ئێران دەکاتەوە”.

میدیا ئەمریکیەکە لە درێژەدا جەختی کرد: پێشکەوتن لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هێشتا وردەکاری زۆر ماوە بۆ گفتوگۆکردن.

کەناڵی ئەی بی سی نیوز بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بانگەشەی ئەوەی کردووە: "ئێران ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی کردووە بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی ئەتۆمی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ نموونە ساڵێک، سێ ساڵ یان پێنج ساڵ."

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە هێشتا ڕوون نییە ئایا دانوستانکاران لە کاتی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەو پرسەیان وروژاندووە یان نا.