کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ئێوارەی چوارشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەمیشە زۆر ڕوون بووە کە کاتێک باس لە ئێران یان هەر وڵاتێکی جیهان دەکرێت، دیپلۆماسی هەمیشە بژاردەی یەکەمیەتی.”

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فۆکس نیوز"، وتەبێژی کۆشکی سپی زیادی کرد: زۆر ژیرانە دەبێت ئێران لەگەڵ سەرۆک ترامپ و لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن.

لێڤیت بە ئاماژەدان بەوەی کە “هەندێک پێشکەوتن” لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بەدیهاتووە، جەختی لەوە کردەوە: “هەرچەندە هەندێک پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک بابەتدا زۆر لەیەکتر دوورین”.

ناوبراو زیادی کرد: باوەڕم وایە کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرپرسانی ئێران بە وردەکاری زیاترەوە بێنە لای ئێمە، سەرۆک ترامپ بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە.

لێڤیت ئیدیعای کرد، "زۆر هۆکار و ئارگیومێنت هەیە کە دەتوانرێت بخرێتەڕوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ترامپ پێش هەموو شتێک پشت بە ئامۆژگارییەکانی تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەبەستێت."

وتیشی: سەرۆک ترامپ هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە کە چی لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەربازیی ئێمە و گەلی ئەمریکادایە و بەو شێوەیەش بڕیار لەبارەی هەر کارێکی سەربازی دەدات.