بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پشتبەستن بەم پلانە، ناوچەی ئازادی قەسر شیرین، وەک یەکێک لە ناوچە ئازادە نوێیەکانی وڵات، وەک نموونەیەکی جێبەجێکاری ناوچەی ئازادی زیرەک بە ئامانجی دامەزراندنی ژێرخانی زیرەک و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ژیری دەستکرد و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنیەکان و بەڕێوەبردنی داتا تەوەر و باشترکردنی بەرهەمهێنانی ئابووری ناسێنراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین و وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری، بە هاوکاری ڕێکخراوی تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران و بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاریی پارێزگای کرماشان، لە حاڵی تەواو بووندایە.
ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندیکردن، دامەزراندنی سیستەمی زیرەک، ئاسانکاری بۆ پرۆسەکانی وەبەرهێنان و دروستکردنی سەکۆیەکی گونجاو بۆ چالاکییەکانی بازرگانییە زانستییەکان ئەنجام ئەدرێت.
لە مەراسیمەکەدا بریکاری وەزیری پەیوەندییەکان بە ئاماژەدان بە توانا ستراتیژییەکانی قەسر شیرین لە بواری بازرگانی و ترانزێتدا، جێبەجێکردنی ئەم تاقیکارییەی بە مۆدێلێک بۆ ناوچە ئازادەکانی دیکەی وڵات زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێکارە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە بەدیهێنانی ئابووری دیجیتاڵیدا.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین، بە بەرز نرخاندنی پاڵپشتی پارێزگاری کرماشان، جێبەجێکردنی ئەم پلانەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێگای زیرەککردنی خزمەتگوزارییەکان، زیادکردنی شەفافیەت، باشترکردنی حوکمڕانی بە داتا تەوەر و هەنگاونان بەرەو ئابوورییەکی زانستی وەسف کرد.
پێشبینی دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە، قەسر شیرین ببێتە یەکێک لە ناوچە پێشەنگەکانی وڵات لە بواری خزمەتگوزاری دیجیتاڵی و بەڕێوەبردنی زیرەکدا.