ئەم هێرشە رێکخراوە لە ماوەی رۆژانی ١٥ و ١٦ی شوباتدا بە چڕی بەردەوام بووە، بەڵام رێکارە ئەمنییەکان رێگرییان لە هەر جۆرە پەککەوتنێک گرتووە.

لایەنی تەکنیکی فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە، هێرشەکە لە رێگەی ١٠ شەپۆلی یەک لەدوای یەک رێکخرابوو، بە شێوەیەک قەبارەی داتا لە هەر چرکەیەکدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٨٠ گێگابایت، ئەمەش لە رێگەی هەزاران ناونیشانی پرۆتۆکۆڵی ئینتەرنێت (IP) لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە ئاڕاستە کراوە و ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکی بۆ سەر سێرڤەرەکان نێردراوە بۆ ئەوەی سیستمەکە لەکار بخەن.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری دەستبەجێ سیستمی وەڵامدانەوەی رووداوەکانی (Incident Response) چالاک کردووە و پلانێکی بەرگریی "فرەچین"ی جێبەجێ کردووە، ئەم ستراتیژییە وایکردووە ترافیکە ساختەکان بناسرێنەوە و لە ترافیکە ئاساییەکان جیابکرێنەوە، بەمەش رێگری لە داڕمانی پۆرتالەکە کراوە لەژێر ئەو فشارە زۆرەی داتاکاندا.

لە کۆتاییدا فەرمانگەکە دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە پۆرتالی رووناکی بە هیچ شێوەیەک لە کار نەکەوتووە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بوون، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی داتا و سیستەمە خزمەتگوزارییەکان لە کارە لەپێشینەکانی تیمی پاراستنی سێبەر (Cybersecurity)ی حکومەتە و ئامادەکاری تەواو بۆ هەر ئەگەرێکی هاوشێوە هەیە