فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند "١٥٧ مێرمنداڵ لە ریزی چەکدارەکان جیاکراونەتەوە کە دووانیان عێراقین، دۆسیەی ئەوانە رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی مێردمنداڵان لە کەرخ کراوە و لە بنکەکانی چاکسازی و شیاندنەوە دادەنرێن، ئەمەش وەک رێزگرتن لە پێوەرە یاسایی و مرۆییەکانی عێراق".
سەبارەت بە دادگاییکردنی زیندانییە گواستراوەکان سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم بە سەرپەرشتیی دادوەران و لێکۆڵەرانی پسپۆڕ، کۆتاییان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ٥٠٠ دەستگیرکراوی داعش هێناوە".
فەریق سەعد مەعن زانیاری لە بارەی شێوازی دادگایکردنەوە ئاشكراکردوە و وتویەتی "ئاستی مەترسیداری و ئەو تاوانانەی کردوویانە پۆلێن دەکرێن و بەو پێیەش رەوانەی دادگا دەکرێن، پڕۆسەکە بەردەوامە و لە مانگەکانی داهاتوودا بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە رووبەڕوی دادگا دەکرێنەوە".
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی کردەوە کە سەرجەم دادگایکردنەکان بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەبێت و ڕایگەیاندوە کە "بڕیاری دادگا و جێبەجێکردنی سزاکان چ بەندکردن یان سێدارە تەنیا لەنێو خاکی عێراقدا دەبێت."
هەروەها ، لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە ئەمنیە ئاماژەی بەوەکردوە کە بە بەپێی مادەی ٦ـی یاسای سزادانی عێراقی، بەغداد دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزا بەرامبەر بەو کەسانەی لەسەر خاکەکەی تاوانیان کردووە.
بە پێی زانیارییەکانی سەعد مەعن دوای پرۆسەی دادگاییکردنەکە، عێراق لە رێگای وەزارەتی دەرەوە و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات کە تۆمەتبارەکان لێوەی هاتوون تا کار بۆ ناردنەوەیان بکرێت.
دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، هێزەکانی ئەمریکا ٥ هەزار و ٧٠٤ بەندکراوی داعشیان لە خاکی سوریا گواستەوە بۆ عێراق و سەرجەمیان لە گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا زیندانی کراون.