فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران، لەبارەی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنە نوێیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە شاری جنێڤی سویسرا، زانیاریی نوێی خستەڕوو و رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە راپۆرتێکی وردی لەسەر پرۆسەی گفتوگۆکان پێشکێشی کابینەی حکومەت کردووە.
موهاجرانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ئێران لە یەک کاتدا کار لەسەر دوو بژارەی جیاواز دەکات و گوتی: "جەنگ و دانوستاندن دوو ستراتیژن، کە هەردوویان بۆ پاراستنی وڵات، ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیمان، بەشێوەیەکی هاوتەریب کاریان لەسەر دەکرێت."
ناوبراو هۆشداریشی دا کە لە کاتێکدا دەرگای دیپلۆماسییان کردووەتەوە، بەڵام چاویان لەسەر سەنگەرەکانیشە و گوتی: "دانوستاندنەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام هاوکات هێزەکانی بەرگریمان لەوپەڕی ئامادەیی پێویستدان؛ رێک بەو شێوەیەی کە دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک هەیانبێت."