جام کوردی - رۆژێکی یەکشەممە کە لە پاسدا بووم، پیاوێکی تەمەن مامناوەند روو بە پیرەپیاوێک، لە پشت سەری منەوە وەستابوو، خەریکبوو چیرۆکێکی بێتامی بە دەنگێکی بەرز دەگێڕایەوە. چیرۆکەکەی لەو چیرۆکانە بوو کە ناتوانی بەردەوام گوێی بۆ رابگریت و راتناکێشێت، تەنانەت ئەگەر بەردەنگی راستەوخۆی چیرۆکەکە، خودی کەسەکەش بێت. من هەرچەند گرنگیم بە چیرۆکەکە نەدەدا و بەلامەوە گرنگ نەبوو، هەستم کرد تووڕەیی و بێزارییەکی زۆر لە دەروونمدا شەپۆل دەدات. ئەوە قسەکانی نەبوون کە دەبوون بەهۆی بێزاریم، ئەوەی بێزاری دەکردم دەنگی بوو، واتە تۆنی دەنگی و جەختکردنەوەکانی، شێوەی دەربڕینی وشەکان بوو. زمانی (چیکی)، بەرەو لەناوچوون دەچێت. هەموو لایەنەکانی ئەو زمانە، رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبن. گەنجینەی وشەکانی هەژارتر دەبن، جگە لە کۆمەڵێک خوازەی کۆن و سواو، کە ئیتر زۆر کەمن ئەوانەی وەک خوازە بەکاریان دەهێنن. زمانی چیکی، زمانێکە زیندوویەتی خۆی لەدەستداوە. زمانی قسەکردنی چیکی، زیاتر زمانی سواوی رۆژنامەنووسەکانت دەهێنێتەوە بیر، لەبەر ئەوەی بە تەواوەتی هەڵگری کۆمەڵێک زاراوە و دەستەواژەی پێشوەختە داڕێژراوە.
مرۆڤەکان وشەکان دەجوون و تفی دەکەنەوە، ئەو دەستەواژەیە بەتەواوەتی بە بەردبوونە، ئەویش بەوپەڕی خێراییەوە و بێ گوێدان بەو دۆخەی تێیدان، لەبەر ئەوەی بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت و (هەر بەڕاستی) هەست دەکەن کە بەردەنگەکانیان بە هەر شێوەیەک بێت لێیان تێدەگەن. هیچ شتێک ناگۆڕدرێت لەبەرئەوەی، ئەوەی دەیڵێن هیچ مانایەکی نییە و قسەی هیچە. بێگومان دەتوانین کۆمەڵێک خاڵ دیاریی بکەین، کە هۆکاری لە ناوچوونی زمانی ئاخاوتنی رۆژانەی خەڵکن و رەگی هەموو ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕان و گەشەی شارستانیەت. بنیاد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێمە، رۆژ لەدوای رۆژ ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتر دەبێتەوە، ستراکتۆری ناسیاویمان (Cognition Structure) هەموو رۆژ ناچارمان دەکات ئەرکەکانمان ماشێنیتر و میکانیکییتر جێبەجێ بکەین. ئەمەش بەو مانایە دێت، زمانی ئێمە هەموو رۆژێک ماشێنیتر و ئۆتۆماتیکییتر دەبێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە کار و پیشەکەیاندا پەیوەندییان لەگەڵ بەشێک لە راستییەکان کە بەردەوام لە توانەوەدان، هەیە، روو لە زیادبوونە. لەبەر ئەوەی تادێت دنیاکەیان بچووک و بچووکتر دەبێتەوە، هەربۆیە زمانەکەش هەر بەم شێوەیە بەرەو توانەوە و بچووکبوونەوە دەڕوات. هەرچەندە ژیان بۆرۆکراتیزەتر ببێتەوە، زمانیش بەهەمان شێوە بۆرۆکراتیزەتر دەبێتەوە. بەدەر لەمە، ئێمە لە لایەن ئەو میدیا گشتییانەوە گەمارۆ دراوین کە کارەکتەریان نییە و پووچن و دەنگی بەرز و نەشازیان گوێمان کەڕدەکەن. ئەو راگەیاندنانەی کە زمانی گوتارێکی هەژار و زمانێکی رەشۆکیانە تێیاندا زاڵە، ئاخۆ ئەو زمانەی کە ئێمە لە قسەکردنی رۆژانەماندا بەکاری دەهێنین دەتوانێت خۆی بەرامبەر هەموو ئەمانە بگرێت و زیانی پێ نەگات؟ هەرچەند هۆکارەکانی ئەم توانەوە و لەناوچوونی زمانە گرنگ بێت، لەبەرامبەر دیاردەیەکی تردا کە تایبەتە بەم سەردەم و شوێنە، بچووکە و دەکرێت لەبەرچاوی نەگرین. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بەتاڵبۆتەوە لە کەلتور. تەنیا مەبەستم ئەوە نییە کتێبخانەکانمان لە لایەن زبڵەکانەوە گەمارۆ دراون، یان ئەوەی هەموو رۆژێک گۆڤارەکانمان دادەخرێن. یان ئەوەی مێژوونووسەکانمان تەنیا بە کاری دەستییەوە سەرقاڵن، یان فەیلەسووفەکانی ئێمە لەسەر کار دەرکراون و بێکاربوون، لە حاڵێکدا دژە هونەرەکان بوون بە رێبەرانی هونەریی و شانۆیی و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە.
من کە باسی کەلتور دەکەم، بیر لە کەلتور دەکەمەوە لە مانا بەربڵاوەکەیدا، کەلتور وەک پوختەی نەریتەکان، مافی مرۆڤ، ئازادییەکان، کەلتورێک کە سیاسەتیش دەگرێتەوە، سیاسەتێک کە مافی مرۆڤیش دەگرێتەوە، مافی ژیانکردنی تاکەکان لە بێدەنگی و ئارامیشدا دەگرێتەوە، مافی ئازادیی رادەربڕینی کەسەکان و ئەوەی کە ئازادن بیر و بۆچوون و باوەڕەکانی خۆیان دەرببڕن، دەگرێتەوە. هەروەها مافی بەرگریکردنی کەسەکان لەخۆیان دەگرێتەوە، ئەو دەمەی هێرش دەکرێتە سەریان. مەبەستم کەلتورێکە کە بەشێکە لە داب و نەریتی کۆمەڵگایەک، تەنانەت رێزگرتن لە ریشسپییەکان، دانا و زانا و ژیرەکانی بنەماڵە، دانانی ئەم کەسە ژیرانە لە شوێنێک کە ئەرکیان لەسەرە، مافی ناشتنی مردووەکان بە پێی داب و نەریتی هەر دەستە و گرووپ و کۆمەڵگەیەک، مافی وەستانەوە دژ بە سووکایەتیکردن بە قەبرەکان، یان مۆنۆمێنتی باب و باپیرانی هەر کەسێک، ئەمانە هەموویان کەلتورن.
من کە باسی کەلتور دەکەم مەبەستم کەلتورێکە کە ئیلهامبەخشی جۆرێک وشیارییە بۆ گۆڕینی دنیا و دۆزینەوەی نهێنییەکان و ئەو خووەشمان تێدا زیندوو بهێڵێتەوە کە پرسیار بکەین و گفتوگۆ بکەین لەسەر وەڵامەکان.
ئەمڕۆ کە ئێمە سەرچاوەی کەلتوری هاوبەش و زمانی هاوبەشمان نییە، سەرچاوەیەکی هاوبەشمان نییە بۆ ئەوەی سیمایەکی مرۆڤانە بە جیهان ببەخشین. پرسیارکردن لە سروشتی مرۆڤدایە، دەربارەی خوداکان پرسیاری هەیە، دەربارەی ئەو دەسەڵاتدارانەی بەسەر ئەودا دەسەڵاتداریی دەکەن پرسیار دەکات، لە هاودەم و هاوڕێکانی خۆی دەپرسێت، تەنانەت لە خۆشی دەپرسێت. کە پرسیارێکیش دەکات، چاوەڕێی وەڵامە. بۆ وینە مرۆڤ دەکرێت بپرسێت: ئاخۆ کەرەستە بەردییەکان دەتوانن گورگێک بکوژن؟ بە درێژایی مێژوو پرسیارکردنە بەردەوامەکانی مرۆڤ بەو ئاستە گەیشتووە کە وەڵامی جیاواز وەربگرێتەوە. مرۆڤ دەکرێت وەڵامێکی لەم چەشنەش بە وەڵامێکی مانادار ببینێت: کەرەستەکانت دەتوانن گورگێک بکوژن، بەو مەرجەی پێنج ساڵ لەوەوپێش، لە تاریک و رووندا، لەبەرامبەر خۆردا کڕنۆشت بردبێت، یان ئەوەی وەڵامێک کە دەیەوێت قانعت بکات و وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ تۆ، ئەوە بێت ئاخۆ کەرەستەکانی تۆ بەهیچ شێوەیەک بەردیی نین، ئەودەم چی؟ یان ئەوەی کەرەستەکانت کەرەستە نین، چی دەبێت؟ ئەگەر ئەوان بەردبارانت دەکەن لەبەر ئەوەی کڕنۆشت بۆ خۆرئاوابوون بردووە، نەک خۆرهەڵهاتن، ئەو کاتە چی دەبێت؟ مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ئەو وەڵامانەی وەریدەگرنەوە ناتەواون، یان نادروستن، هیچکات دەستبەرداری پرسیارکردن نابن، بەڵکو تەنیا کاتێک واز لە پرسیارکردن دەهێنن کە وەڵامەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسیارەکانیانەوە نەبێت، یان وەڵامێک بن بۆ شوێنونی و سەرلێشێواندن، بێ مانا بن، سەفستەییەتیان تیادا بێت، ببن بە هۆی دڵەڕاوکێ، یان بەتایبەتی ئەو کاتەی کە هەست بکات هەڕەشەیەک لە وەڵامەکەدا هەیە، بەڵام ئەو مرۆڤەی دەستبەرداری پرسیارکردن دەبێت، لە راستییدا واز لەوە دەهێنێت بیربکاتەوە. لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە هەرچی بێت، پرسیارێکی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە وەڵام و ئەو مرۆڤەی بیرناکاتەوە قسەش ناکات، تەنیا دەنگێکی لێوە دەردەچێت.
لە هەر شوێنێک کەلتور هێشتا زیندوو بێت و نەمردبێت، پانتایەکی فراوان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی بەرامبەر بوون هەیە. خەڵکەکان پرسیار دەکەن لەوەی ئاخۆ خودایەک بوونی هەیە، یان پرسیاری جۆری ئازادیی، یان ئەوەی ئاخۆ پرەنسیپێکی یاسایی بەسەر دنیادا زاڵە، یان نا، پرسیاری ئەم شتانە دەکەن. ئەوان هەڵسووکەوتی خۆیان و دەسەڵاتدارەکانیان هەڵدەسەنگێنن. ئەم پرسیارانە زۆربەی کات دابڕان و جیابوونەوەیان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا مرۆڤەکان لە کۆمەڵگایەکی گەورەی مرۆییدا پێکەوە گرێدەداتەوە، ئەو کۆمەڵگایەی ئێستاکەش پێویستی بە زمان هەیە، ئەو زمانەی کە بتوانێت پێکەوەیان گرێبداتەوە.
لەو شوێنەی کەلتور بێدەنگ دەبێت، یان بێدەنگی دەکەن، کۆمەڵگای مرۆیی دەمرێت و لەگەڵیشیدا زمان دەمرێت. بەهەرحاڵ ئەمە پەیامی مێژووی ئەمڕۆی ئێمەیە کە پڕواپڕ بووە لە سەرکوتکاریی کەلتوری و ئاویلکە و گیاندانی کۆمەڵگای نەتەوەیی و زمانی ئەم کۆمەڵگایە.
سەرچاوە:
کتێبی روح پراگ، بخش دوم ، صفحە 73
ترجمە: خشایار دیهیمی، چاپ بیستم: تهران 1400
و/ لە فارسییەوە: مستەفا زاهیدی