قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و خەباتکارانە دەکەین، کە دەیان ساڵە سینە و زاریان كردۆتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا، وەك سەربازی ون؛ ڕەنج و تاڵی و مەینەتیی زۆریان بۆ زمانەكەمان چەشتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: لەمڕۆدا لەگەڵ پارێزەرانی زمان، ئاواتمانە هەموو منداڵانی کورد ئەو مافە سەرەتاییەیان بۆ بەدی بێت، کە پەروەردەكردن و فێركردنە بە زمانی شیرینی کوردی.

لە درێژەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی، دەبێت حکومەت و ناوەندە زانستییەكان، بە پێی پلان و چنینێكی هاودەنگ، کار بکەن، تا زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە زانستی و بەجیهانیبوونەكاندا، برەو بسەنێت، بۆ ئەوەی نەک لە مەترسیی پەراوێزکەوتن و پاشکۆبوون ڕزگاری بکەین، بەڵکو شانبەشانی زمانە زیندووەکانی جیهان، وەك چۆن ڕەگدارە، وەهاش پایەدار و بەكار بێت.