ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٦، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندێکی حزبەکەیان بە سەرۆکایەتی عەباس بەیاتی لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بارزانی کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکەدا باس لە شایستە دەستوورییەکان و میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی "بەهێز و بەتوانا" کراوە کە وەڵامگۆی خواستەکانی هاووڵاتیان بێت.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی کردەوە و پابەندبوونی خۆیان بۆ پتەوکردنی زەمینە هاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی دەعوە دوپاتکردەوە.

ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بنیاتنانی بەها هاوبەشەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی نیشتمانی بووە بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدان، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (١١ی ١١ی ٢٠٢٥)، هێشتا لایەنەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بکەوێتە ناو کێبڕکێیەکی توند و کاتێکی زیاتر بخایەنێت.