بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید برووشان، بەرپرسی بەشی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای سەحنە، بە ئاماژە بە بەدواداچوونی نوێ لە گردی "چۆغاسەوز" (سەوز چۆغا) وتی: لە کاتی سەردانەکانی مەیدانیدا، پارچەی کەلوپەلی گڵێنەی جیاواز لە دۆزینەوەکانی پێشووی ناوچەکەدا دۆزرایەوە، کە دوای دووبارە پشکنینی د. یەقووب موحەمەدی فەڕ دەرکەوت کە مێژووی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیلامی ناوەڕاست، لە دەوروبەری 1100 بۆ 1500 ساڵ پێش زایین.
ناوبراو زیادی کرد: تا ئێستا تەنیا یەک بەرهەم لە سەردەمی ئیلامیتە کۆنەکان لە پارێزگای کرماشان دەستنیشان کراوە و ئەمە بۆ یەکەمین جارە کە بەڵگە لە ئیلامیتی ناوەڕاست لەو پارێزگایەدا دەست بکەوێت؛ پرسێک کە دەتوانێ پەرەسەندنێکی جیددی لە دووبارە لێکدانەوەی مێژووی ناوچەکەدا دروست بکات.
برووشان ناسینەوەی سێ گردی دیکەی لە دەوروبەری چۆغا سەوزدا ڕاگەیاند، لەوانە گردی عەلی ئابادی دەرتەنگ، گردی کوورەخانی و گردی چەمباتان و وتی: بەڵگەی هاوشێوەی گڵێنەکان دەریدەخات کە ئەم شوێنانە تایبەتن بە سەردەمی ئیلامیتی ناوەڕاست.
ئەو شوێنەوارناسە بە ئاماژەدان بەوەی کە تا ئێستا تەنها شوێنەوارە کولتوورییەکانی وەک گڵێنە لەم گردانەدا دۆزراونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە: "بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە مێژووییەکانی ئەم دۆزینەوانە، پێویستە بودجە دەستەبەر بکەین و دەست بە هەڵکۆڵینە شوێنەوارییە فەرمییەکان بکەین".
بەگوێرەی برووشان دەشتی سەحنە لە هەزارەی دووهەمی پێش زاییندا خاڵێکی گرنگ بوو لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فەرهەنگی لە نێوان ئیلام و شارستانییەتە هاوچەرخەکاندا بە هۆی هەڵکەوتەی ستراتژیکی جوگرافیاوە. هەروەها ئەو گڵێنە پایە دوگمەییانەی کەوا لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە، نیشانەی کاریگەریی ئیلامییەکان و مامەڵەی کولتوورییە لە ڕۆژهەڵاتی زاگرۆسدا، بەڵگەیەک کە دەتوانێت زیاتر تیشک بخاتە سەر شوێنی مێژوویی سەحنە لە نەخشەی شارستانی ئێرانی کۆندا.