ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییە خێراکاندا تێدەپەڕێت و چۆڵکردنی بنکەیەکی لەو شێوەیە دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکاندا دروست کردووە.

پرۆسەی گواستنەوەی کەلوپەلەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستی پێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بنکەکە کراون تا تەواوی ئامێر، چەک و کەرەستە قورسەکان باربکەن و بەرەو خاکی هەرێم بییانگوازنەوە. 

ئەم جوڵە سەربازییە گەورەیە ئاماژەیە بۆ چۆڵکردنی بەشێکی گرنگی ئەو ناوچە ستراتیژییەی کە پێشتر هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگیر بوون و ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکە.

تا ئەم ساتە سوپای ئەمریکا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکار و ئامانجەکانی ئەم کشانەوەیە بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەمە سەرەتایەک بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانیان لە سووریا یان تەنها جێگۆڕکێیەکی سەربازیی کاتییە.

ئەمە لە کاتێکدایە،  بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئیدارەی واشنتن بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی خۆی لە خاکەکانی سووریا. 

ئەم بڕیارە تەنیا لە چوارچێوەی پلانێکی تیۆریدا نەماوەتەوە، بەڵکو لەسەر زەوی هەنگاوی کردەیی بۆ نراوە و هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە جێهێشتنی بنکەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەی جیۆپۆلەتیکیدایە و ئەولەویەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دووبارە دادەڕێژرێنەوە.