بەرپرسێکی باڵای ئێران ئەمڕۆ بۆ ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە پانتایی و میکانیزمی هەڵگرتنی سزاکان بەسەر ئێراندا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا، ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕیارە خولی نوێی دانوستانەکان لە سەرەتای مانگی ئازاردا ئەنجام بدرێت.
ئێران و ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوو خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت و ژنێڤ ئەنجام داوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم دانوستانانە پێشکەوتنی بەرجەستەیان بەخۆوە بینیوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕایگەیاندووە، تاران دەتوانێت بە جددی بیر لە تێکەڵەیەک بکاتەوە لە هەناردەکردنی بەشێک لە کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، کەمکردنەوەی پاکی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و پێکهێنانی کۆنسۆرتیۆمی ناوچەیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت دان بە مافی ئێراندا بنرێت بۆ "پیتاندنی ئەتۆمی ئاشتیانە".
وتیشی: دانوستانەکان بەردەوامن و ڕێککەوتنی سەرەتایی ئەگەری هەیە.
بەرپرسە ئێرانییەکە هەروەها بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، تاران دەستبەرداری کۆنترۆڵی سەرچاوە نەوتی و کانزاکانی نابێت، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن هەمیشە وەک بەڵێندەر لە کەرتی نەوت و گازدا هاوبەشی بکەن.