بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم دیدارەدا، پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە توانای بەرزی سنوورەکانی پارێزگا لە پەرەپێدانی هەناردەکردن بۆ عێراق، داوای زیادکردنی دەسەڵاتی گومرگی پارێزگای کرماشان و خێراکردنی پڕۆسەی پاککردنەوەی کاڵاکان و بەهێزکردنی کەرەستەی کۆنترۆڵکردنی کرد.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: کرماشان بە هۆی سنوورە بەرفراوانەکەی لەگەڵ عێراق دەتوانێ ڕۆڵێکی سەرەکیتر لە بازرگانی دەرەکی وڵاتدا بگێڕێت.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە گومرگی کرماشان یەکێکە لە گومرگە چالاکەکانی وڵات لە ڕووی قەبارەی هەناردەکردن و ترانزێتەوە، پلانی مۆدێرنکردن و زیادکردنی ئامێری تیشکی ئێکس لە سنووری پەرویزخانی ڕاگەیاند و وتی: ئامێرێکی گەڕۆکی تیشکی ئێکس بۆ ئەم سنوورە تەرخان کراوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سنوورەکان و بەهێزکردنی یەکەی پاراستن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بازرگانان و شۆفێران و لابردنی بەربەستەکانی ژێرخانی سنووری سۆمار کرایەوە.

لایەنەکان پێیان وابوو بە تەیارکردن و ڕێکخستنی سنوورەکان دەکرێ ئەو کاتەی کەوا بارهەڵگرەکان بەسەری دەبەن کەم بکرێتەوە و پرۆسەی هەناردەکردن بۆ بازاڕی عێراق ئاسانکاری بۆ بکرێت.

هەروەها بڕیاردرا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان پارێزگا و کۆمپانیای کۆگا گشتیەکان و خزمەتگوزاری گومرگی بۆ پەرەپێدانی کۆگا گشتیەکان و ژێرخانی پشتیوانی گومرگی ئەنجام بدرێت؛ ڕێوشوێنێک کە بە گوتەی بەرپرسان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی خێرایی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە پارێزگاکەدا.