سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ بەرنامەی «Face
the Nation» ی تۆڕی “سی بی ئێس
نیوز”ی ئەمریکی جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن لە ئاستی دەستڕاگەیشتندایە
و تەنانەت ڕەنگە هەندێک لایەنی ڕێککەوتنی ئەگەری لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ باشتر بێت.
عێراقچی ئاماژەی بەوەدا کە دیپلۆماسی تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان،
وتی: “ئەگەر ئەمریکا بیەوێت نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە
ئەتۆمییەکەمان چارەسەر بکات، ئەوا دیپلۆماسی تاکە ڕێگایە”.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دەشڵێت:
پێویست بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا ناکات، ئەم ڕێکارانە ئێمە ناترسێنن و تا ئێستاش
کار لەسەر پێشنیاری ڕێککەوتنەکە دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە کار لەسەر لایەنە
جۆربەجۆرەکانی ڕێککەوتنەکە و ڕەشنووسەکەی دەکەین و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو
لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکانی ئێستا تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمییە،
وتی: لە ئێستادا ئێمە تەنها باسی پرسی ئەتۆمی دەکەین، پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە
و مافی خۆمانە چێژ لە وزەی ئاشتیانە وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەتوانرێت چارەسەرێک لەسەر پرسی پیتاندنی
یۆرانیۆم بدۆزرێتەوە و پێشنیارەکانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕ کردووە."
عێراقچی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی
ڕێککەوتنی نوێ لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەمریکا، وتی: ئێمە کار لەسەر دەکەین و هەوڵدەدەین
بە شێوەیەک ڕێکی بخەین کە توخمگەلێک لەخۆ بگرێت کە بتوانێت نیگەرانی و بەرژەوەندییەکانی
هەردوولا لەخۆ بگرێت (رێککەوتنێکی نوێ) بۆ ئەوەی بە تەواوی مومکین بێت”.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران بە ئاماژەدان بە پێشکەوتنە تەکنیکییەکانی
وڵات لەم بوارەدا ڕایگەیاند: ئێمە خۆمان تەکنەلۆجیای پیتاندنمان پەرەپێداوە، ئەمە بۆ
ئێمە جێگای شانازییە و ناتوانین دەستبەرداری بگرین.
عێراقچی هەروەها ئاماژەی بە تواناکانی بەرگری ئێران کرد و وتی:
"مووشەکەکانمان توانیان ئامانجەکانی ئیسرائیل بپێکن؛ هەمان وڵات کە داوای ئاگربەستی
بێ مەرجی کردبوو."
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: “ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزداین بۆ بەرگریکردن
لە خۆمان، هەروەک چۆن لە شەڕی پێشوودا کردمان”.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی وتووێژی لەگەڵ تۆڕی ئەمریکی
جەختی کرد: لە ئەگەری دەستدرێژی یان هێرشی ئەمریکی، مافی بەرگری لە خۆمان دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە تواناکانی بەرگری ئێران زیادی کرد: مووشەکەکانمان
توانای ئەوەیان نییە خاکی ئەمریکا بکەنە ئامانج، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بنکەکان
دەکەینە ئامانج.
لە وەڵامی پرسیارێکی گوماناویدا کە "بەرپرسانی باڵای ئێران ئەو دانوستانەیان
پشتڕاست نەکردۆتەوە کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئایا باس لە ئەگەری
دیداری خۆت لەگەڵ ستیڤ ویتتاکەر دەکەیت؟" وتیشی: "ئەمە دوو بابەتی جیاوازن،
ئێمە بەردەوامین لە دانوستانەکانمان، لە هەمان کاتدا کار لەسەر توخمەکانی ڕێککەوتنێک
و ڕەشنووسی دەقێکیش دەکەین، بۆیە هیوادارم کاتێک گەیشتینە ئەوێ، ئامادەبین بۆ قسەکردن
و دانوستان لەسەر بنەمای ئەو ڕەشنووسانە".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ڕێککەوتنی ئەگەری
ئێستا و بەرجام
(ڕێککەوتنی ٢٠١٥)، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە: دە ساڵ بەسەر بەرجام تێپەڕیوە و هەلومەرجی نوێ هاتۆتە ئاراوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەمان لە ڕووی
تەکنەلۆژیاوە پێشکەوتووە و زۆر پێشکەوتووترە لەوەی ئەوکاتە، لە لایەکی دیکەوە سزا و
فشارەکان زیادیان کردووە، بۆیە من پێموایە ڕێککەوتنێکی باشتر لە بەرجام یان ڕێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ ئەگەری هەیە و دەتوانێت توخمگەلێکی هەبێت کە
زۆر باشترە لە ڕێککەوتنی پێشوو”.
لە وەڵامی پرسیاری بەڕێوەبەردا سەبارەت بە "توخمەکانی" ڕێککەوتنە
نوێیە ئەگەرییەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران زیادی کرد: من ئەزموونم هەیە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە (بەرجام) و ڕۆڵم هەبوو لە دانوستان لەسەری، ئێمە
چووینە ناو وردەکارییەکی زۆرەوە، بەڵام پێموایە ئێستا پێویست بە هەموو ئەو وردەکارییە
ناکات، دەتوانین لەسەر بنەما و پرسە بنەڕەتییەکان بگەینە ڕێککەوتن و دڵنیابین لەوەی
کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیخوازانە و دەمێنێتەوە بۆ هەمیشە ئاشتیانە، لە هەمان
کاتدا سزای زیاتر هەڵدەگیرێت”.
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گومان لە
سروشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەیە و “زۆرێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا داوا لە سەرۆک
کۆماری ئەمریکا دەکەن کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە” وتی: پێش هەموو شتێک
پیتاندن مافی ئێمەیە، ئێمە ئەندامی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیین
و مافی تەواومان هەیە سوود لە وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە وەربگرین، لەوانەش پیتاندن، تەنیا
پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە”.
عێراقچی زیادی کرد: پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێکی هەستیارە لە دانوستانە بەردەوامەکان،
تیمی ئەمریکی هەڵوێستی ئێمە دەزانێت و ئێمە هەڵوێستی ئەوانیش دەزانین و نیگەرانییەکانی
خۆمان لەگەڵ یەکتردا هاوبەش کردووە، پێموایە چارەسەرێک بەدیهاتووە، بەڵام ناچم لەڕێگەی
میدیاوە دانوستان بکەم.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا خواستی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم
ئەوە ئەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ترەمپ لە دژی ئێران و هێڵە سوورەکانی سەبارەت
بە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە: ئێران وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مافی
تەواوی هەیە بۆ خۆی بڕیار بدات، ئێمە خۆمان و لەلایەن زاناکانمانەوە پەرەمان بەم تەکنەلۆجیایە
داوە، وە بۆ ئێمە زۆر بەنرخە، چونکە باجێکی زۆرمان داوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمە لانیکەم ٢٠ ساڵە گەمارۆ دراوین، زاناکانمان لەدەستداوە،
تەنانەت بەهۆیەوە کەوتوینەتە شەڕەوە، کەواتە ئەمە ئێستا بابەتی شەرەف و شانازی نەتەوەیی
ئێرانە و دەستبەرداری نابین.
عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە:”هیچ هۆکارێکی یاسایی نییە بۆ ئەنجامدانی کارێکی
لەو شێوەیە، لەکاتێکدا هەموو شتێک ئاشتیانە، هەموو چالاکییەکان لەژێر چاودێری ئاژانسدان،
لەماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکمان هەبوو کە بەتەواوی پابەند بووین پێیەوە، هەروەها ئەوە
ئەمریکا بوو کە بەبێ پاساو لێی کشایەوە، ئێمە ئەندامێکی پابەندی
NPTین، دەمانەوێت مافەکەمان بەکاربهێنین و مومارەسەی
پێبکەین”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بانگەشەی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی
ئەمریکا کە دەڵێت “هەر ڕێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ ئێران” دەبێت سیاسەتی ناوچەیی و توانای
مووشەکی ئێرانیش لەخۆ بگرێت، عێراقچی وتی: “لە ئێستادا ئێمە تەنها دانوستان لەسەر پرسی
ئەتۆمی دەکەین و هیچ پرسێکی دیکە لە ئارادا نییە”.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە “ئایا ئێران ئامادەیە دەستڕاگەیشتنێکی بێ سنوور بە پشکنەرانی ئاژانس بدات؟”، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە: “ئێمە ئەندامێکی پابەندی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیین و لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی ڕێککەوتنی پارێزبەندیمان هەیە و ئامادەین بە پێی بڕگەکانی پارێزبەندی بە تەواوی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی هاوکاری بکەین پرۆتۆکۆڵی زیادە لە ژێر هەندێک مەرجدا پێموایە میکانیزمی پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی تەواو قبوڵکراوە و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت”.