بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی لە کۆبوونەوەی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی تەکنەلۆجیای ڕازی و کرماشان بە ئامادەبوونی بریکاری جێبەجێکاری سەروکۆمار ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ پلانەکانی وەبەرهێنانی ئەمساڵی پارێزگاکە لە لایەن زانکۆی ڕازییەوە ئامادە کراوە و بنەمای دەرکردنی مۆڵەتی پلاندانان و پەرەپێدان بووە.
ناوبراو داواشی کرد، زانکۆ ڕۆڵێکی کاراتر ببینێت لە بوارەکانی وەک ژیری دەستکرد و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و پیشەسازیدا.
پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە توانا فەرهەنگیەکانی ئەو پارێزگایە، دامەزراندنی زانکۆی هونەر و تەلارسازیی بە یەکێک لە داواکارییە جددییەکانی ئەو پارێزگایە زانی و وتی: بە لەبەرچاوگرتنی پاشخانی هونەری کرماشان، دامەزراندنی ئەم زانکۆیە دەتوانێت بەشداری بکات لە گەشەسەندنی زانستی و فەرهەنگیی ئەو پارێزگایەدا. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی چالاکییەکانی سێ کۆمپانیای پترۆکیمیایی لە پارێزگاکە، دامەزراندنی پەیمانگای توێژینەوەی کیمیا بە سەرپەرشتی زانکۆی ڕازی پێویستییەکی جددییە بۆ پاڵپشتی زانستی پیشەسازی.
حەبیبی بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵکەوتەی سنووری پارێزگاکە و نزیکیی لە عێراقدا ڕایگەیاند: زانکۆی ڕازی دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ هاوکاری زانستی لەگەڵ عێراق. ڕاکێشانی خوێندکارانی عێراقی نەک تەنها پێگەی نێودەوڵەتی زانکۆکە بەرزتر دەکاتەوە، بەڵکو ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسی زانستی و پەروەردەیی و بەهێزکردنی مامەڵەی ئابووری و کولتووری لە هەردوو دیوی سنوورەکەدا.
لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی ڕازی بە ئاماژەدان بە دابەزینی پشکی ناوچەی زاگرۆس لە بەرهەمهێنانی تێکڕایی ناوخۆیی، جەختی لەسەر پێویستی زانکۆکە کردەوە کە ڕۆڵ ببینێت لە بەرەوپێشبردنی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی بەردەوامدا.