جام کوردی - دامەزراوە داراییەکانی وەک گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، دەستبەجێ نرخی نەوتی برێنت دەگاتە مەودای ١٠٠ دۆلار و ئەگەر گرژیەکان پەرە بستێنن و قەیرانەکە بەردەوام بێت، ئەوا نرخی نەوتی برێنتیش لە 200 دۆلار تێدەپەڕێت.

ئەگەر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا دابخرێت، ئابووری جیهانی ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین شۆکەکانی دابینکردنی وزە دەبێتەوە لە ماوەی دەیان ساڵدا.

ئەو ڕێڕەوی ئاویە تەسکە کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و غازی تێدا تێدەپەڕێت، نەک تەنها نرخی بازاڕەکانی وزە پاڵدەنێتە ئاستی سێ ژمارەیی، بەڵکو شەپۆلێکی هەڵاوسانیش هەناردە دەکات بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا بە بازدانی بیمەی جەنگ و زیادکردنی ڕێژەی گواستنەوەی بار و پەکخستنی زنجیرەی دابینکردن.

گەرووی هورمز تەنیا ڕێڕەوێکی ئاوی نییە؛ هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا (EIA)، گرنگترین گەردنی تەنگەبەری وزەی جیهانە. پانی هێڵەکانی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا تەنها 2 میل دەریایی (3.7 کم) بۆ چوونە ژوورەوە و 2 میل بۆ دەرچوون، کە بە ناوچەیەکی پارێزەری 2 میل جیاکراوەتەوە. ئەم کۆنکرێتییە جوگرافییە وایکردووە هورمز ببێتە پاژنەی ئەکیل لە بازرگانی جیهانیدا

پێگەی ناوازەی گەرووی هورمز لە ئاسایشی وزە و ئابووری نێودەوڵەتیدا

گرنگی ستراتیژی ئەم ڕێڕەو ئاوییە بەو ڕاستییە ڕوون دەکرێتەوە کە ساڵانە ٢٧%ی هەموو بازرگانییە دەریاییەکان بە نەوتی خاو و بەرهەمەکانەوە و ٢٢%ی بازرگانیی گازی سروشتی شل (LNG)ی جیهان بەو ڕێڕەوی ئاوەدا تێدەپەڕن. داتاکانی ساڵی ٢٠٢٣ دەریدەخەن کە بە پێچەوانەی گەردنی تەنگەکانی دیکە، هورمز بەدیلەکانی کارکردنی نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی قەبارەی گەورەی جووڵەی وزە.

کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز لەسەر نرخی نەوت

لابردنی لەناکاوی 27%ی بازرگانی وزەی جیهان، بەپێی هەموو دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان، دەبێتە هۆی شۆکێکی بێ وێنە.

دامەزراوە داراییەکانی وەک گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن لە ئەگەری داخستن، نرخی نەوتی برێنت دەستبەجێ دەگاتە مەودای 100 دۆلار و ئەگەر گرژییەکان زیاتر ببن و قەیرانەکە بەردەوام بێت، ئەوا نرخی نەوتی برێنتیش لە 200 دۆلار تێدەپەڕێت.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، کۆی یەدەگی ستراتیژی ئەندامان نزیکەی 1.2 ملیار بەرمیلە، بەڵام سنووری تەکنیکی بۆ ڕێژەی کشانەوە (زۆرترین 24 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا) دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو یەدەگانە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت فشارەکان کەمبکەنەوە و لە ماوەی 6 مانگدا کۆتایی پێدەهێنن.

کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز لەسەر نرخی کاڵاکان و هەڵاوسانی جیهانی

پچڕانی جوڵەی تانکەرەکان دەبێتە هۆی ئاستەنگ لە زنجیرەی دابینکردنی جیهانیدا، هەروەها بازدان لە نرخی سووتەمەنیدا، لەنێویاندا بەنزین، کە زۆر گرنگ و کاریگەرە لە ئابووری ئەمریکا و ژیانی ئەمریکییەکان.

لە ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا هاتووە، زیادبوونی تێچووی وزە و گواستنەوەی دەریایی دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسانی جیهانی بە چەند خاڵێکی لەسەد لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا.

کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز لەسەر نرخی غاز

بەپێچەوانەی نەوت، بازاڕی غاز زۆر لاوازترە بەهۆی کێشەی ژێرخانی ئابوورییەوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، 22%ی بازرگانیی غازی سروشتی شل (LNG)ی جیهان بە هورمزدا تێدەپەڕێت، کە بەشێکی زۆری سەر بە قەتەرە (10.4 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا(.

بلومبێرگ هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا نرخی غاز لە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیادا لە نێوان 80 بۆ 200% بەرز دەبێتەوە. بەو پێیەی جیهان یەدەگی ستراتیژی غازی نییە، ئەم گەمارۆیە بە مانای بڕینی دەستبەجێی سووتەمەنی بۆ پیشەسازییەکان و سیستەمی گەرمکەرەوە لە ناوچە گەورەکانی جیهان دەبێت.

کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز لەسەر پارەی بیمەی کەشتیوانی و نرخی سووتەمەنی

شیکارییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ئێران دەتوانێت ڕێگای گەرووی هورمز بۆ ماوەی نێوان ١٥ بۆ ٤٥ ڕۆژ بە بێ بەکارهێنان بهێڵێتەوە. هەرچەندە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانای کردنەوەی هەیە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی مین پاککردنەوە لە ژێر ئاگردا پرۆسەیەکە کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.

داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی داڕمانی کاتی سیستەمی بیمەی دەریایی چونکە کەشتییەکان ناچار دەبن بە دەوری ئەفریقا (کیپی هیوای باش)دا بڕۆن، ئەمەش 2 هەفتە (8000 میل) بۆ کاتی گەشتەکە زیاد دەکات و ملیۆنان دۆلار لە سووتەمەنی و کارمەندان و پارەی بیمە.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت

خەمڵاندنەکانی دامەزراوەکانی بیرکردنەوە لە سەرانسەری جیهان نیشان دەدەن کە ئابوورییەکانی ئاسیا لە هێڵی پێشەوەی کارەساتدان.

بەپێی ئامارەکان نزیکەی 83%ی ئەو نەوتەی بە هورمزدا تێدەپەڕێت، بۆ ئاسیایە. چین (بە زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هاوردە لە ڕێگەی ئەم ڕێگایەوە)، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور ڕووبەڕووی ئیفلیجی پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان دەبنەوە.

ئەوروپا بەهۆی زیادبوونی پشتبەستن بە غازی قەتەر ڕووبەڕووی قەیرانی ئاسایشی وزە دەبێتەوە.

عێراق و کوێت و قەتەر کە نزیکەی تەواوی نەوتەکەیان لە ڕێگەی هورمزەوە هەناردە دەکەن، ڕووبەڕووی زیانێکی تەواو لە داهات دەبنەوە.