نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، کە محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تۆم باراک، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و هەوڵەکانی بەغدای بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری، بەتایبەت لە سووریا، تاووتوێ کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی جەختی لە پێویستی دۆزینەوەی "چارەسەری ڕیشەیی" بۆ کێشە قووڵەکان کردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت ڕێگری لە هەر دوژمنکاری و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بگیرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە تەنها لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەتوانرێت ڕێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بکرێت.
لای خۆیەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەوڵەکانی بەغدا بۆ نزیککردنەوەی دیدگای لایەنە ناکۆکەکان لە ناوچەکەدا.