بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانى وەفدەکە بریتین لە چەند بەڕێوەبەرێکى گشتیى دیوانى چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان، سەردانەکەیان بۆ پێداچوونەوەیە بە داهات و خەرجیی هەرێمى کوردستان لە ماوەى سێ ساڵى رابردوودا (2023، 2024، 2025) کە پێشتر بودجەى عێراق بۆ ئەو سێ ساڵە دانرا و گفتوگۆ لەسەر پشکى راستەقینەى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى خشتەکانى بودجە دەکرێت و بەراورد دەکرێت بەو بڕەى کە بۆ هەرێمى کوردستان خەرجکراوە.

بە وتەی ئەندامێکى ئەو وەفدە، کاتێک حکومەتى فیدراڵ دەڵێت، هەرێمى کوردستان زیاد لە ماف و شایستەکانى خۆى بۆ خەرجکراوە، دەبێت بە ئامار و داتا، داهات و خەرجى یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە دەچنە بەغداد و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

لەبارەى گفتوگۆکردن لەسەر مووچەکانى ئەمساڵ لەلایەن وەفدەکەوە، ئەو ئەندامەی وەفدەکە رایگەیاند، “دیوانى چاودێریی دارایی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە خەرجکراوە، گفتوگۆکردن لەسەر مووچەکانى ئەمساڵ، ئەرکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەمساڵ عێراق بودجەى نییە و بۆ هەر مانگێک یەک لەسەر 12ـى ساڵى رابردوو لە پشکى هەرێمى کوردستان خەرجدەکرێتەوە، بۆیە پشکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ساڵە چۆن دیاریکرابێت، بۆ ئەمساڵیش کاریگەریى دەبێت و یەک لەسەر 12ـى ساڵەکە خەرجدەکرێتەوە.