شەڕ و ئاژاوە لە شاری گوادالاخارا کە میوانداری چوار یاریی مۆندیال دەکات، بە دەستی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان، جیهانی تووشی شۆک کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا ئەمڕۆ (سێشەممە) ڕۆژنامەی موندۆ هەواڵی ناردنی 10 هەزار سەربازی سوپای مەکسیکی بۆ کۆنترۆڵکردنەوە و دامەزراندنی ئاسایش لە شارەکەدا بڵاوکردەوە.
مەودای ململانێکان بەجۆرێکە کە لە هەر ساتێکدا دەنگی تەقینەوە لە هەر گۆشەیەکی شاردا دەبیسترێت و دوکان و ماڵ و ئۆتۆمبێل دەبینرێت کە دەسووتێن، وەک ئەوەی لە ناوەڕاستی سەنگەرێکدا بیت.
شەڕەکە یەکشەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد کاتێک سوپای مەکسیک لە ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاودا گەورەترین کارتێلی ماددە هۆشبەرەکانی وڵاتەکەی بەناوی "ئێل مانچۆ" کوشت.
کوشتنی سەرۆکی ئەم باندە تاوانکارە بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی باندەکە لە تۆڵەی ئەو کارەدا هێرش بکەنە سەر شارەکە و بە بۆردومان و ئاگردان و داخستنی ڕێگاوبانەکان شار بکەنە مەیدانی شەڕ.
ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی ئەم باندە ماددە هۆشبەرە بەردەوامە و ئەم نائەمنییە وایکردووە فیفا هۆشدارییەکی ئەمنی بۆ مەکسیک دەربکات سەبارەت بە میوانداریکردنی مۆندیال.
مەکسیک بە یەکێک لە 10 وڵاتی نائەمن دادەنرێت لە جیهاندا و ململانێی نێوان سوپا و کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەم وڵاتەدا هەمیشە زیانی گیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی مەکسیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی مۆندیال نییە، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی فیفا لەسەر ئەم ململانێیە دەریدەخەن کە مەکسیک توانای ئەوەی نییە میوانداری مۆندیال بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەیس، یەکێتی تۆپی پێی جیهان ئەگەری بڕیاردانێکی گەورە و چارەنووسساز هەڵدەسەنگێنێت بۆ گۆڕینی میوانداری 108 ڕۆژ پێش دەستپێکردنی مۆندیال.