ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای ترەمپ، لە بارەی ئێرانەوە نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و داوایان لێکردووە، لەم کاتەدا هیچ هێرشێک نەکاتە سەر ئێران و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات.

 بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ویتکۆف و کوشنەر کە سەرکردایەتیی دانوستاندنەکانی واشنتن لەگەڵ تاران دەکەن، هەمان ئەو نیگەرانییانەیان هەیە کە فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێراندا هەیانە.

 لەکاتێکدا کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە، فەرماندە سەربازییەکان هۆشدارییان داوەتە ئیدارەی ترەمپ لە هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ئێران. 

 بەگوێرەی راپۆرتەکانی ئەکسیۆس و هەردوو رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتن پۆستی ئەمریکی، دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان سەرکردایەتیی هەوڵەکانی رازیکردنی ترەمپ دەکات بۆ ئەوەی هێرش نەکات.

 لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، کەین هۆشداریی داوەتە سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە کە "کەمیی چەک و تەقەمەنی و نەبوونی پاڵپشتیی هاوپەیمانان، مەترسییەکانی سەر ئۆپەراسیۆنەکە و سەربازە ئەمریکییەکان زیاد دەکات."

 هەروەها کەین هۆشداریی داوە لە "ئەگەری کەوتنەوەی زیانی گیانی لە ریزەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، شەکەتکردنی هێزەکان و لەدەستدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی."

بەگوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، زۆربەی ئەو هۆشدارییانە لەلایەن کەینەوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا دراون، هەرچەندە فەرماندەکانی دیکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ـیش ئاماژەیان بە نیگەرانیی هاوشێوە کردووە.

 بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەوە راست نییە؛ کەین هۆشداری لەو شێوەیەی نەداوە. ترەمپ میدیاکانی وڵاتەکەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتبار کردن و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن دەتوانێت لە هەر ململانێیەکدا "بە ئاسانی" تاران تێکبشکێنێت.