نوسینگەی ڕاگەیاندنی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕونیکردەوە، " بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوە، بریتانیا و فرەنسا درک بەوە دەکەن کە گەشەسەندنەکانی ئێستای ئۆکرانیا هیچ هەلێکیان بۆ ناڕەخسێنێت بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر ڕوسیادا لەسەر دەستی هێزە ئۆکرانییەکان."
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەسەڵاتدارەکانی بریتانیا و فرەنسا ئامادەنین شکست قبوڵبکەن، و بڕوایەک هەیە کە ئۆکرانیا پێویستی بە خاوەندارێتی 'چەکی ناوازە' هەیە، کیێڤ دەتوانێت مەرجی باشتر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەدەست بهێنێت ئەگەر خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، یان بەلایەنی کەمەوە ئەوەی پێی دەوترێت 'بۆمبی پیس'، بەرلینیش بە ژیرییەوە ڕەتیکردەوە بەشداری لەم سەرکێشییە مەترسیدارەدا بکات.
دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕوسیا دەشڵێت، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیاندایە لە ئێستادا لەندەن و پاریس بە چالاکییەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە چەک و ئامێرانە بۆ کیێڤ. باس لە گواستنەوەی نهێنی پێکهاتە و ئامێر و تەکنەلۆژیا ئەوروپییەکان دەکرێت لەم بوارەدا بۆ ئۆکرانیا. بەکارهێنانی کڵاوەی جەنگی فەرەنسی TN75 ی قەبارە بچوک، کە لە موشەکە بالیستییەکانی M51.1 ی ژێردەریاییەکاندا بەکاردێت، وەک بژاردەیەک لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
لە بەیاننامەی هەواڵگرییەکەدا هاتوە،"بریتانی و فرەنسییەکان دەزانن کە پلانەکانیان پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بە پلەی یەکەم پەیمانی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، و پەیوەستە بە مەترسی لەناوبردنی سیستمی جیهانی بۆ بڵاونەبونەوەی چەک. لەم ڕوەوە، هەوڵە سەرەکییەکانی ڕۆژئاواییەکان چڕبوەتەوە لەسەر ئەوەی دەرکەوتنی چەکی ئەتۆمی لە دەستی کیێڤ وا دەربکەوێت کە دەرەنجامی پەرەپێدانی خودی ئۆکرانییەکانە".
جەختی کردەوە کە "ئەم پلانە زۆر مەترسیدارانەی لەلایەن لەندەن و پاریسەوە دانراون، دابڕانی ئەوان لە واقیع نیشاندەدات. ئەوان بەخۆڕایی پەرۆشی ئەوەن لە بەرپرسیارێتی ڕابکەن، بەتایبەت کە هەرچی نهێنییە بێگومان ئاشکرا دەبێت. ژمارەیەکی زۆر کەسی ژیر لە ناوەندە سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بریتانیا و فرەنسادا هەن کە درک بەو مەترسییە دەکەن کە ڕەفتارە سەرکێشەکانی سەرکردەکانیان بۆ تەواوی جیهان دروستی دەکات".