به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سەرۆکی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە دەباشان پێشوازی لە تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروبارى سوریا كرد، لە کۆبونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و جۆشوا هاریس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عیراق ئامادەیبون، دۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە کۆبونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق خرایەبەر باس و جەختیان لە خێراکردنی پڕۆسەکە و لابردنی بەربەستەکان کردەوە، هەردولا دوپاتیان لەسەر ئەوەکردەوە، پێویستە عێراق وەکو وڵاتێکی گەشەسەندو و خاوەن سەروەری و سەربەخۆ بمێنێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی له‌وه‌كردوه‌، "لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ لە عێراق بەردەوام دەبین تاوەکو دڵنیابین لەوەی داهاتوی وڵات بە شێوەیەک بێت باشترین خزمەت بە هەمو خەڵکی عیراق بکات".

هەر لە کۆبونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی و تۆم باراك لەسەر پێویستیی تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکبون و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دۆخی ئێستا وادەخوازێت کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بێت لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا.