بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی کرماشان ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: بۆ یەکەمین جار لە سێ خولی باوەڕپێکردندا بەشی پزیشکی گشتی ئەم زانکۆیە توانیویەتی بەرزترین ئاستی باوەڕپێکراو بەدەست بهێنێت.
عەلی پورموعتەبد بە ئاماژەدان بە پرۆسەی نۆ مانگەی ئەم هەڵسەنگاندنە زیادی کرد: ئەم سەرکەوتنە دەرئەنجامی پلاندانانی یەکگرتوو و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتمەند و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی و دەرەکی و پابەندبوونی تەواوەتییە بە بەڵگەنامە زانستی و کارگێڕییەکان بەو ستانداردانەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.
ناوبراو جەختی کردەوە: گەیشتن بەم ئاستە لە باوەڕپێکردن، گوزارشت لە ئیرادەی جیددی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و بەهێزکردنی ژێرخانی زانستی و هەنگاونان بەرەو ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی خوێندنی پزیشکی. ئەم سەرکەوتنە لە کاتێکدا هاتووە کە کرماشان وەک یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە ڕۆژئاوای وڵات، میوانداری ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ناڕەسەن و بیانی بە تایبەت خوێندکاری عێراقی دەکات؛ بۆیە بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی باوەڕپێکراوی دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پێگەی زانستی پارێزگاکە و زیادکردنی متمانەی خوێندکارانی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی دیپلۆماسی پەروەردەیی کرماشان بگێڕێت.