جام کوردی – جێگری کاروباری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە کردەوە "شەڕێک کە دەست پێبکات کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ئەمە بە بۆچوونی ئێمە قومارێکی ڕاستەقینەیە" و وتی: با سەرنجمان لەسەر دیپلۆماسی بێت چونکە دیپلۆماسی سوودی بۆ هەمووان دەبێت. چارەسەری سەربازی بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران لە ئارادا نییە. بۆیە لەبری ئەوەی بەدوای شەڕدا بگەڕێین، لەبری ناردنی هێز و ناردنی بەلەمێکی سەربازی بۆ ناوچەکەمان باشترە سەرنجمان لەسەر دیپلۆماسی بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید تەخت ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕ ئەمریکی، گرینگترین بۆچوونەکانی ئێرانی سەبارەت بە ناوچەکە، دانوستانە ئەتۆمییەکان و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی. دەقی ئەم چاوپێکەوتنە لە درێژەدا هاتووە.

من ستیڤ ئێنسکیپم و ئەمریکا ئامادەیە خولێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبکات و ترەمپ هێزی سەربازی خۆی لە ناوچەکە جێگیر کردووە و ئێرانیش ئامادەیە بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەگەری بۆ هێرشەکە. لە تاران مەجید تەخت ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر خەتمان هەیە. ناوبراو نوێنەری پێشووی ئێران بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و کەسی دووەمی تیمی دانوستانکاری ئێرانە کە بەنیازە گەشت بکات بۆ جنێڤی پایتەختی سویسرا. بریکاری وەزیری بەڕێز، بەخێربێن بۆ بەرنامەکەمان. بەیانی باش.

پێشبینی دەکەیت ڕاستەوخۆ لە ژووری دانوستان ڕووبەڕووی ئەمریکییەکان ببیتەوە؟

ئێمە لە جنێڤ درێژە بە گفتوگۆکانمان دەدەین، لە هەمان چوارچێوەدا کە هەفتەی ڕابردوو لە مەسقەت و جنێڤ هەمانبوو، بۆیە هیچ شتێک ناگۆڕێت. هەر بەو شێوەیەی کە ڕێککەوتین بەردەوام دەبین.

ئایا ئەمە بە مانای دانوستانی ڕاستەوخۆیە؟

بەگشتی ئێمە بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە دەست پێدەکەین. دوایین جار لە جنێڤ، ڕافایل گرۆسیش ئامادەبوو. سەرەتا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەلایەن وەزیری دەرەوەی عومان و بەڕێز گرۆسی ئەنجامدرا. دواتر چانسی تەوقەکردنمان بۆ ڕەخسا و کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بوو کە چەند خولەکێک بوو.

وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو کۆتایی هێنان بە ڕێککەوتنەکە هەنگاو دەنێین. ئایا لە ڕێککەوتن نزیک بوویتەوە؟

ئامادەین بە زووترین کات بگەینە ڕێککەوتن. هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو شتە ڕووبدات. ئێمە بە ڕاستگۆیی و نیازپاکی تەواوەوە دەچینە ژووری دانوستان لە جنێڤ و هیوادارین ئەم نیازپاکی و ڕێبازە ئەرێنییە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەرامبەری بێتەوە. ئەگەر لە هەموو لایەکەوە ئیرادەی سیاسی هەبێت، پێموایە بە زووترین کات دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت.

باس لەوە کراوە کە ئێران پێداچوونەوە بەو دەقە پێشنیار کراوەدا دەکات کە لەم دانوستانەدا بخرێتە بەردەم ئەمریکا؟ ئایا ئەم دەقە پێشنیار کراوە پرسگەلێکی دەرەوەی بەرنامەی ئەتۆمیش پێشنیار دەکات؟

نەخێر، بابەتی دانوستانەکان پرسی ئەتۆمییە و ئەمەش هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون. ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە دوو خولی یەکەمدا لە مەسقەت و جنێڤ کردمان و ئەمەش لە کۆبوونەوەی داهاتووی جنێڤدا هەمان شت دەبێت.

دەمەوێت بۆ ئەو کەسانە ڕوون بکەمەوە کە هەموو ڕۆژێک شوێنمان ناکەوێت کە هیچ دانوستانێکتان نابێت لەسەر بابەتەکانی تر، وەک مووشەکی بالیستیک و ...؟

وەک وتم تاکە بابەتی دانوستان لە کۆبوونەوەی داهاتووی جنێڤدا پرسی ئەتۆمییە.

دەمەوێت باسی لێکەوتەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ژانویەی ئێران بکەم. خەڵک چەندین جار ڕاپۆرت دەکەن کە ناتوانن پەیامەکانیان بگەیەننە جیهان بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە. پەیامنێرێکی تریش بڵاویکردەوە کە خۆپیشاندەران لە زینداندا بەشێوەیەکی ترسناک لەسێدارە دەدرێن. ئایا بەهۆی نائارامییەکانی ئەم دواییە کەسێک لە زینداندا لەسێدارە دراوە؟

نەخێر، ئەوە ڕاست نییە. لە ڕاستیدا ئینتەرنێت بەرز بووەتەوە. خەڵک دەستیان بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی دەگات. دەزانی لە تاران ڕۆژنامەنووسی بیانی زۆرن. باڵیۆزەکان لە تارانن و دەتوانن شایەتحاڵی ئەوە بدەن کە ژیان لە تاران وەک ئاسایی بەڕێوە دەچێت و هەموو ئەم قسە و باسانە دوورە لە ڕاستییەوە.

یەکێکی دیکە لە پەیامنێرەکانمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسێکدا کرد کە وتی هێزە ئەمنییەکان لە ئێران لە قوتابخانەکاندا بەدوای خۆپیشاندەراندا دەگەڕێن و هەوڵدەدەن ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە مانگی بانەمەڕ ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. من بەشێک لە دەنگی ئەوت بۆ دەگێڕم، کە داوای کردووە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرێت. ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئایا هێشتا هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە؟

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک وا نییە. هەموو ئەم درۆیانە بۆ هاندانی دۆخەکە دەخرێنەڕوو. چۆن دەتوانی پاساو بۆ ئەو جۆرە شتانە بهێنیتەوە؟ چۆن دەتوانن بیسەلمێنن کە ئەم وەشانەی ڕووداوەکانی ئێستای تاران ڕاستە؟ وە دەزانن مرۆڤ دەتوانێت ڕێگەی جۆراوجۆر بەکاربهێنێت، لەوانەش زیرەکی دەستکرد، بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە دەنگانە. دەتوانم پێتان بڵێم قوتابخانەکان کراوەن، خەڵک منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە، لە ئێرانیش شتێکی لەو جۆرە ڕووی نەداوە.

ئەمریکا وەک باش دەزانن هێزێکی زۆری سەربازی لە ناوچەکە لە دەوروبەری ئێران جێگیر کردووە و لە ڕێگەی هێرشێکی سەربازی سنووردارەوە هەوڵ دەدات وڵاتەکەت بگەیەنێتە سەر مێزی دانوستان و ئەمەش یەکێکە لە بژاردەکانی سەرۆک کۆمار. ئێران چۆن وەڵامی هێرشێکی سەربازی دەداتەوە؟

هیوادارین ڕووبەڕووی دۆخێکی لەو شێوەیە نەبینەوە، چونکە شەڕێک دەست پێبکات کۆنتڕۆڵی ناکرێ. چۆن بە یەک لێدان کۆتایی بە شەڕێک بهێنیت؟ کەواتە ئەمە قومارێکی ڕاستەقینەیە. هیوادارین ئەمە ڕوونەدات، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر هێرشێک یان دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران ڕووبدات، بە پێی پلانی بەرگریمان وەڵام دەدەینەوە. کەواتە پێویستە هەمووان بزانن کە دەستپێکردنی شەڕ مومکینە، بەڵام کۆتاییهێنان بەو شەڕە ئاسان نییە. جگە لەوەش تەواوی ناوچەکە بەدەست دەرئەنجامەکانی دەستدرێژی دژی ئێرانەوە دەناڵێنێت.

ئایا دەڵێی ئێران ئامادەیە هێرش بکاتە سەر دراوسێکانی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە و ئەو وڵاتانەی کە دامەزراوەی نەوتیان هەیە کە مەرج نییە هێرش بکەنە سەر ئێران؟

نەخێر ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەیە و لەگەڵ هەموویان لە پەیوەندییەکی باشداین. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، چۆن چاوەڕێی ئەوە بین ئێران بێدەنگ بێت؟ ئێمە دەبێت وەڵام بە لێدانی سەروەت و سامان و ئامانجەکانی ئەمریکا بدەینەوە لە ناوچەکەدا. بەڵام پەسەندکردنی ڕەهای ئێمە ئەوەیە کە بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێین. هەر بۆیە کۆبوونەوەی داهاتووی جنێڤ زۆر گرنگە. بۆچی کاتمان بەفیڕۆ بدەین لەسەر شتێک کە زیانی بۆ هەموو هەرێم و هەموو لایەک هەبێت؟ با سەرنجمان لەسەر دیپلۆماسی بێت چونکە دیپلۆماسی سوودی بۆ هەمووان دەبێت. چارەسەری سەربازی بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران لە ئارادا نییە. کەواتە لەبری ئەوەی شەڕانگێز بین، لەبری ئەوەی سەرباز بنێرین و بەلەمێکی سەربازی بنێرین بۆ ناوچەکەمان، باشترە سەرنجمان لەسەر دیپلۆماسی بێت. مەبەست لە ناردنی هێز و بەلەمێکی سەربازی بۆ ناوچەکەمان چییە؟ ئایا دەیانەوێت ئێران بترسێنن؟ ئەوە ڕوونادات. ئێرانییەکان سەلماندوویانە کە خۆڕاگرن. کەواتە باشترە تەرکیز لەسەر کاری ڕاستەقینە بێت کە دیپلۆماسییە.

بەڕێز مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری بەڕێزی وەزیری دەرەوە، ئەم هەفتەیە لە جنێڤ دەبێت بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا. سوپاس بۆ قسەکردنت لەگەڵم.