دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم وتاری ساڵانەی خۆیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، وتی: " هاوینی ڕابردوو هێرشمان کردە سەر ئێران و لە پرۆسەکەدا هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناوبرد. دوای ئۆپراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو هۆشدارییان پێدرا کە چەکی ئەتۆمی دروست نەکەن، بەڵام ئەوان بە دوای دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانیانن، لە ئێستادا ئەوان بەدوای ئامانجە ترسناکەکانیاندا دەگەڕێن، ئێمە لەگەڵیان دانوستان دەکەین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چەکی ئەتۆمی لە دوکتورینی سیاسی و سەربازی ئێراندا جێگەیەکی نییە. لە لایەکی دیکەوە تەنانەت بەرپرسانی ئەمەریکا دانیان بەوەدا ناوە.
ترەمپ لە لایەکی دیکەوە خۆی نیشان دەدات کە خەمخۆری گەلی ئێرانە، وەک چۆن لەم دواییانەدا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکەی هەڕەشەی لە گەلی ئێران کرد بە شەڕ و "ڕووداوی زۆر خراپ".
سەبارەت بە توانای مووشەکی ئێران وتی: "ئێرانییەکان مووشەکیان دروست کردووە کە دەتوانێت ئەوروپا بکاتە ئامانج و بەم زووانە مووشەک دروست دەکەن کە بتوانێت ئەمریکا بکاتە ئامانج."
ترەمپ لە درێژەی لێدوانەکانی دژ بە ئێراندا ئیدیعای کرد: “پێویستی من ئەوەیە کە ئەم کێشەیە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەم، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەم سپۆنسەری ژمارە یەک لە تیرۆر لە جیهاندا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”.
دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە دۆخی وڵاتەکەی و بە ئاماژەدان بە نزیکبوونەوەی ٢٥٠ ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، وتی: لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا وڵاتەکەمان ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ دەستکەوتێکی گەورە.
لە سەرەتای وتارەکەدا کە نزیکەی 2 کاتژمێری خایاند، ترەمپ سوپاسی جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی جەی دی ڤانس و ئەندامانی بنەماڵەکەی و کەسانی دیکەی ئامادەبووی کرد و گوتی: وڵاتەکەمان لە هەموو کاتێک بەهێزتر و دەوڵەمەندتر گەڕاوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارەمی تەمموزدا ئاهەنگ دەگێڕین بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان، کە نائاساییترین وڵاتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەمە سەردەمی زێڕینی ئەمریکایە.
ترەمپ زیادی کرد: کاتێک 12 مانگ لەمەوبەر لەم هۆڵەدا قسەم کرد، تازە کۆنترۆڵی حکومەت بۆ من گوازرابووەوە، ئابووریمان ئیفلیج بوو، هەڵاوسان لە ئاستێکی پێوانەییدا بوو، سنوورەکانمان کراوە بوون، شەڕ و ئاژاوەگێڕی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبووەوە. بەڵام ئەمشەو، تەنها دوای ساڵێک، دەتوانم بە شانازییەوە ڕایبگەیەنم کە ئێمە شاهیدی گۆڕانکارییەکی بێ وێنە بووین.
سەرەڕای هەوڵەکانی ترەمپ بۆ وێناکردنی ئیدارەی دووەمی بە سەرکەوتوو، بەڵام ئەو ڕاپرسیانەی کە لەلایەن میدیا ئەمریکییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی توڕەیی و ناڕەزایی لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکیدا. جگە لەوەش بەگوێرەی تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی، لانیکەم ٧٧ نوێنەری دیموکراتەکان بایکۆتی وتارەکەی ترەمپیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە لە هەمان کاتدا لەگەڵ قسەکانیدا، بەشێک لە نوێنەرانی دیموکراتیش بڕیاریان دا کە بڕۆنە دەرەوە و بایکۆتی وتارەکەی بکەن.
سەرەڕای ئەوەش ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد: "ناگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو. ئەمڕۆ سنوورەکانمان پارێزراون. مۆڕاڵمان گەڕاوەتەوە، هەڵاوسان دابەزیوە، ئابووریش لە گەشەکردندایە. دوژمنانی ئەمریکا ترساون، ئەمریکاش وەک پێشتر لە سەرانسەری جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت."
ناوبراو لە درێژەی ڕەخنەی دووبارەی خۆی لە ئیدارەی جۆ بایدن وتی: ئیدارەی پێشوو بۆ ماوەی چوار ساڵ سنووری بە کراوەیی هێشتەوە و ڕێگەی دا بە ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی بچنە وڵاتەکەوە، بەڵام ئێستا سنوورەکە پارێزراوە، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا یەک کۆچبەری نایاسایی نەچووەتە ئەمریکا.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵام ئێمە هەمیشە ڕێگە بە کۆچبەران دەدەین بە شێوەیەکی یاسایی بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە، ئەم کەسانە ڕێگەیان پێدەدرێت بە ماندووبوونیان هاوکاری وڵاتەکەمان بکەن.