بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەعفەر غەمپەنا، لە کاتی سەردانکردنی بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان – ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە ژێرخانە بە تەواوی سەرکەوتوو دەبێت کاتێک هێڵەکە درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری خوسرەوی و لەوێشەوە، ڕێگای عێراق و خوسرەوی تەواو دەکات.


ناوبراو بە ئاماژە بە دوو بڕیارنامەی گرینگی حکومەت لە کەرتی هێڵی ئاسنیندا، وتی: یەکێک لەو بڕیارنامانە پەیوەندی بە ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای وڵاتەوە هەیە؛ ڕێڕەوێک کە تاران بە خوسرەوی و پاشان بە بەغدا دەبەستێتەوە و ساڵانێک بوو نزیک بوو لە وەستان. دوای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ کرماشان، 6 هەزار ملیارد تمەن بودجە بۆ ئەم پڕۆژەیە پەسەند کرا، لەو بڕە 2  ملیارد تەمەنی بۆ ئەمساڵ تەرخانکراوە بۆ چالاککردنەوەی کارگەی پڕۆژەکە.


غەمپەنا زیادی کرد: ئێمە بەدوای یاداشتێکی لێکتێگەیشتندا دەگەڕێین کە لە نێوان ئێران و عێراقدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە دیوەکەی تری سنوورەکەوە، ڕێگاکە لە بەغداوە بۆ خانەقین و لە خانەقینەوە بۆ سنووری خوسرەوی جێبەجێ بکرێت و ئەم هێڵە بتوانێت ببێتە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتی؛ ڕێڕەوێک کە بتوانێت گرنگ بێت بۆ گواستنەوەی بار لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات و تەنانەت وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ عێراق.



ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەفەری سەرۆککۆمار بۆ پارێزگای کرماشان لە مانگی گوڵاندا وتی: ئەم سەردانە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە ڕادەی جێبەجێکردنی ڕەزامەندییەکان بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو  چەند بڕیارەی کەوا دراون و جێبەجێ کراون ئەنجام دراوە.


بریکاری جێبەجێکاری سەرۆککۆمار ڕایگەیاند کە، ڕەزامەندییە گونجاوەکان بۆ پارێزگاکە لە کەرتی قەرزی گەشەپێدان لەبەرچاو گیراوە و زیادیشی کرد: بە گشتی 26 هەزار ملیارد تمەن بۆ گەشەپێدان بۆ کرماشان پێشبینی کراوە کە 11 ملیارد تمەنی تایبەتە بە ئەمساڵ و تا ئێستا نزیکەی 9 ملیارد تمەن خەرج کراوە و 2 ملیارد تمەنی دیکە تا کۆتایی ساڵ تەرخان دەکرێت.