عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان، ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هاوکات، ئیسرائیلیش بە دەستوەردان لە خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران تۆمەتبار دەکات.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی هیندستانیدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەگەر، خوا نەخواستە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاربدات هێرشمان بکاتە سەر، ئەوا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی رەوامان."

 وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئێمە وەک بنکەی ئەمریکی سەیری ئەو شوێنانە دەکەین، نەک وەک خاکی دراوسێکانمان یان ئەو وڵاتانەی بنکەکانیان تێدا جێگیر کراوە."

عێراقچی ئاماژەی بە رووداوەکانی حوزەیرانی رابردوو کرد و گوتی: "جاری پێشوو، کاتێک هیچ چارەیەکمان نەمابوو جگە لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکە لە قەتەر، دەستبەجێ پەیوەندیم بە برا ئازیزەکەم، وەزیری دەرەوەی قەتەرەوە کرد، تەنانەت پێش هێرشەکە پێشوەختە ئاگادارم کردەوە و بە روونی پێمگوت ئەمە هێرش نییە بۆ سەر قەتەر، بەڵکو هێرشە بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە؛ ویستمان لەو جیاکارییە تێبگەن."