بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی عومان، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لە جنێڤی پایتەختی سویسرا (شوێنی سێیەمین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا)، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عومان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەدر ئەلبوسەعیدی و عەباس عێراقچی لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان لە جنێڤ کۆبوونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ پێشنیارەکانی ئێران کردووە کە ئامانج لێی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەیە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەلبوسەعیدی جەختی لە پابەندبوونی عومان کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی دیالۆگ بۆ گەیشتن بە چارەسەری قبوڵکراو لە دانوستانەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی عومان جەختی له سەر ئەوه کردووه که چاوەڕوان دەکرێت ئه لبوسەعیدی به یانی ئەمڕۆ له جنێڤ له گەڵ تیمی دانوستانکاری ئەمریکا کۆببێتەوه و وتووێژ بکات.
کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا پاش نزیکەی هەشت مانگ لە جێهێشتنی مێزی دانوستان، گەڕانەوە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ و هێشتا لەلایەن سوڵتانییەتی عومانەوە نێوەندگیری دەکرێت.
تاکە جیاوازییەکی فەرمی لەم زنجیرە ئەگەری دانوستانەدا، ئامادەبوونی جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، شانبەشانی ستیڤ ویتۆک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و بێگومان دەرکەوتنی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، وەک یەکێک لە ئامادەبووان لە ژووری دانوستانەکاندا.
شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ جێگرانی سیاسی، یاسایی و نێودەوڵەتی و جێگری دیپلۆماسی ئابووری، تا ئێستا دوو خولی دانوستانیان لەگەڵ شاندی ئەمریکی لە ڕۆژانی ٧ و ١٠ی بەفرانبار لە مەسقەت و جنێڤ ئەنجامداوە.