ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە لە ئێستادا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر ڕووی لە لاوازی کردووە دوای ئەوەی لە ١٢ کاتژمێری ڕابردوودا بڕێکی باشی باران و بەفر لەو ناوچانە باریوە و بەپێی ئامارەکان زۆرترین ڕێژە لە سنووری دهۆک لە ناوچەی دێرەلوک بووە کە ٦٣ ملم تۆمار کراوە و لە سنووری پارێزگای هەولێریش لە مێرگەسۆر ٢٨ ملم باران باریوە.
وتیشی'' بۆ کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بۆ لاواز ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە و ببێتە هۆی بارانی پچڕپچڕ و لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە نێوان ١ بۆ ٣ سم لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سەنتەری قەزای پێنجوێن و بەرزنجە و مێرگەپان هەیە و لەگەڵ زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری ئەو با چالاکەی لە ناوچەکاندا هەیە کۆتایی دێت.''
لە کاتەکانی شەودا کاریگەری شەپۆلەکە بە تەواوی کۆتایی دێت و کەشوهەوا جێگیر دەبێت بەڵام بارستە هەوایەکی سارد بە شێوەی وشکە سەرما دەمێنێتەوە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و زوقم بەتایبەت لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی شوباتدا بە جۆرێک پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بۆ نێوان ٢ بۆ ٨ پلە ژێر سفر نزم دەبنەوە و لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەش دەگاتە ١ بۆ ٣ پلەی سەدی.
لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان نزمترین پلەی گەرمی لە نێوان ٣ بۆ ٥ پلە دەبێت و ئەم سەرمایە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت لە کاتێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی.