وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، تەواوی سیستەمە بەرگرییەکانیان لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ تێکشکاندنی موشەکەکان‌و هاوکات "بەرەی ناوخۆ" لەڕێگەی نامەی کورتەوە هاوڵاتیانی لەناوچە جیاوازەکان ئاگادارکردوەتەوە کە دەستبەجێ ڕوو لەپەناگەکان بکەن، سوپا داوای لەدانیشتوان کردوە، بەرپرسیاربن‌و تا کاتی دەرچونی ڕێنمایی نوێ، لەپەناگەکاندا بمێننەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئێران لەڕێگەی میدیا فەرمییەکانەوە هەڕەشەی توند دەکەن، ئاژانسی تەسنیم لەزاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاویکردەوە، ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەیەکی سەخت ئامادەکاریی کردوە.
بەرپرسێکی دیکە بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، "وەڵامەکەی تاران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل، وەڵامێکی کوشندەو تێکشکێنەر دەبێت".
ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ئەوەهات، هەر ئەمڕۆ شەممە، ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشێکی سەربازییان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت کە واشنتۆن لەهەفتەکانی ڕابردودا هێزێکی زۆری لەناوچەکە کۆکردبوەوەو چەندینجار هۆشداریدابوو، لەئەنجامدانی کردەی سەربازیی.