باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنراوێکدا هەواڵی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردەوە و بەم بۆنەیەشەوە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری عێراقدا راگەیاند.

لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی عێراقدا هاتووە، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و تەواوی نەتەوەی ئیسلامی دەکەین بەهۆی شەهیدبوونی زانا و موجاهید، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی". 

عەوادی رایگەیاند، "رێبەری باڵای ئێران لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کردەوەیەکی مەحکومکراودا شەهید کرا و کردەوەکە پێچەوانەی هەموو دابونەریتە مرۆیی و ئەخلاقییەکانە و پێشێلکردنێکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، حکوومەتی عێراق داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات. عەوادی هۆشداری دا، "بەردەوامیی ئەم دۆخە ناوچەکە بەرەو ئاستێکی مەترسیدار و بێ پێشینە لە توندوتیژی دەبات، ململانێکان پەرە پێ دەدات و ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە".