بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، هێزێكی بیانی كە گوماندەكرێت ئەمریكی یان یەكەی تایبەتی ئیسرائیلی بن بەچوار هێلیكۆپتەر لەناوچەیەكی ستراتیژیی دابەزیون.

ئەو هێزە كەس ناتوانێت لێیان نزیك ببێتەوە، چونكە ئەو هێزە كاتێك لیوای 41ی سوپا ویستویانە بزانی بۆچی لەو شوێنە دابەزیوون لەناسنامەی ئەو هێزە بكۆڵنەوە، ڕاستەوخۆ كراونەتە ئامانج، ئەنجامەكەش كوژرانی سەربازێكی عێراقی و فەرماندەی فەوجێك ‌و چەند سەربازێكیش برینداربون ‌و چوار هامەری سوپاش كراونەتە خەڵوز.

ئەو شوێنەی ئەو سوپایەی لێیە تەنها بیابان نییە، بەڵكو سێگۆشەی زێڕینی نێوان عێراق، سعودیەو ئوردنە، دابەزینی هێز لەوێدا واتای كۆنترۆڵكردنی ڕێڕەوەكانی وشكانی ‌و ئاسمانییە كە بۆ گواستنەوەی چەك‌ و درۆن بەكاردێن، باس لەوەش دەكرێت ئەو هێزە خێوەت ‌و ئامێری پێشكەوتوی چاودێرییان داناوە، ئامانجیان پەكخستنی ئەو درۆن ‌و موشەكانەیە كە گروپە چەكدارەكان لەناوچەكانی ناوەڕاست ‌و باشورەوە بەرەو ئیسرائیل‌ و وڵاتانی دیكە ئاراستەی دەكەن.

میدیا عێراقییەكان دەڵێن، بێدەنگیی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوو ئەگەر دەخاتەڕوو؛ یان حكومەت ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنەیەو ناتوانێت ڕایبگەیەنێت، یان سەروەریی وڵات بەجۆرێك پێشێلكراوە كە دامەزراوە ئەمنییەكان لەشۆكێكی گەورەدان، ئەم ڕوداوەش لەكاتێكدایە كە هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆسەر عێراق چونەتە قۆناغێكی جدییەوە و ئەمجۆرە دابەزینە زەمینییانە دەكرێت سەرەتایەك بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی سەكۆ موشەكیەكان لەناو جەرگەی عێراقدا.