​عومەر عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤، ئەمریکا بە هەمان شێوازی ئێستا داوای لە (یەپەگە) کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکارییان بکات. دواتر لە ٢٠١٥دا (هەسەدە) دروست کرا و کورد زیاتر لە ١٠ هەزار قوربانی لەو پێناوەدا دا، بەڵام دەرەنجامەکەی جێهێشتنی کورد بوو لەلایەن واشنتنەوە.

​عومەر عەلی دەڵێت: "کاتێک داعش کۆتایی هات، ئەمریکا پشتی تێکردن. تۆم باراک بە ئاشکرا وتی ڕۆڵی هەسەدە تەنها بۆ شەڕی داعش بوو و لێرەدا کۆتایی پێ دێت. تەنانەت داوایان لێکردن تێکەڵ بە سوپای سووریا ببنەوە و لە بەرامبەر هێرشەکانی دیمەشقدا بێباک بوون."

​بەپێی دیدگای ئەم سیاسەتمەدارە، داواکاریی ئەمجارەی ئەمریکا لە هەردوو حیزبی حوکمڕانی هەرێم و بەرەی هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات، تەنها بۆ بەکارهێنانی کوردە وەک "جەنگاوەر" بۆ لێدانی ئێران. ئەوەی جێگەی مەترسییە، نەبوونی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی یان پلانێکی پاراستنە (وەک ناوچەی دژەفڕین) بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە ئەگەری وەڵامدانەوەی توندی ئێران.

​عومەر عەلی چەند خاڵێکی جەوهەری وەک پێویستییەک بۆ قۆناغەکە دەخاتە ڕوو:

​تێپەڕاندنی گرێی خۆبەکەمزانین: پێویستە هێزە کوردییەکان وەک خاوەن جوگرافیا و هێز مامەڵە بکەن، نەک وەک جەنگاوەری بەکرێگیراو بۆ ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

​هەرێمی کوردستان بەرگەی سووتەمەنی جەنگێک ناگرێت کە هیچ ئایندەیەکی ڕۆشنی تێدا نییە.

بۆیە پێویستە وەڵامی کورد بۆ داواکاریی دەرەکی تەنها یەک دەنگ بێت، ئەویش "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمە".

​هاوزەمان نابێت ڕێگە بدرێت خاکی هەرێم و هێزەکانی ڕۆژهەڵات ببنە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان، چونکە هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دەبێت لەگەڵ سیاسەتی ناوەندیی بەغدا هاوتەریب بێت.

لە کۆتاییدا ​ئەوەی گرنگە ​عومەر عەلی جەخت دەکاتەوە کە نابێت کورد چیتر ببێتە سووتەمەنی ئەو جەنگانەی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا دایدەگیرسێنن. وانە وەرگرتن لە شکستی ئەزموونی ڕۆژئاوا و پاراستنی سەقامگیریی هەرێم، دەبێت لە پێشینەی کارەکان بێت، چونکە لە کۆتاییدا زلهێزەکان تەنها بۆ بەرژەوەندی کاتی خۆیان کورد وەک "جەنگاوەری ئازا" نیشان دەدەن و دواتر بە تەنیا جێی دەهێڵن.