لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایشی سنوورەکان، هێزێکی سەر بە پاسەوانی سنووری عێراق بەرەو قەزای پێنجوێن بەڕێکەوت. ئەم جووڵە سەربازییە بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
گرنگترین لێدوانەکانی فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق:
فەرماندەی پاسەوانی سنوور ڕایگەیاند کە سەرجەم سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەژێر کۆنترۆڵی ورددان و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی دزەکردن یان بەزاندنی سنوور تۆمار نەکراوە.
جەختی لەوە کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی هێڵی سنووری عێراق و ئێران لە ناوچەکەدا، بەرهەمی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە و ئاسایشە.
فەرماندەیی پاسەوانی سنوور ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دزەکردنی چەکدار یان گروپەکان لە خاکی عێراقەوە بۆ ناو خاکی ئێران دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.