تەنها لە هێرشەکەی دوێنێدا ١٤٦ بریندار گەیەندراونەتە ناوەندە پزیشکییەکان کە باری تەندرووستی نۆ کەسیان سەختە و ٤١ کەسی تریش برینەکانیان مامناوەندە، هەروەها ٩٣ کەس برینی سووکیان هەیە و سێ برینداریش لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوچە پارێزراوەکان و پەناگەکان تووشی برینداری بوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندرووستی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان بە وردی پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بن لە کاتی هێرشەکاندا بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان، ئەم ئاڵۆزییانەش لە کاتێکدایە کە ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئیسرائیلدا.