دوو شەممە، ٩ ئادار ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئیرادەی گەلی ئێران پێوەرە، نەک ئیرادەی بیانییە شەڕانگێزەکان. سەرۆکی ئەمریکا وا قسە دەکات وەک ئەوەی زەویی هەموو جیهان، موڵکی ئەوان بێت و مامەڵەی پێوە بکەن".
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، ئیسماعیل بەقایی بە تووندی رەتیکردەوە و وتی "ئێمە لە یانزەیەمین رۆژی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلداین. ئێمە جەنگمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو لە کاتی گفتوگۆدا بووین کە جەنگمان بەسەردا سەپێندرا. لەم دۆخەدا کە هێرشی سەربازی بەردەوامە، قسەکردن لەسەر هەر شتێک جگە لە بەرگری و وەڵامدانەوەی تووند، هیچ بایەخێکی نییە."
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.