جام کوردی - هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی ململانێی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە تێپەڕی و لە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش ئەم پێشهاتانە بوونەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی خەڵک. لە قاوەخانە و بازاڕ و تەنانەت لە شەقامەکانی شاریشدا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن و باس لە ئەگەری لێکەوتەکانی بۆ ناوچەکە دەکەن.
لە کافێیەکی قەرەباڵغی ناوەندی شاری سلێمانی، کۆمەڵێک گەنج لە کاتی بەدواداچوون بۆ هەواڵی شەڕەکە لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە، باس لە داهاتووی ناوچەکە دەکەن. خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، ئاماژە بە ئەزموونی شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 دەڵێت؛
"پێشتر ئەم دیمەنانەمان بینیوە، ئەو کاتە دەگوترا شەڕ بۆ ئایندەیەکی باشترە بۆ عێراق، بەڵام دەرئەنجامەکەی ساڵانێک ناسەقامگیری و نائەمنی بوو".
کەشێکی هاوشێوە لە بازاڕی کۆنی سلێمانیدا زاڵە. بازرگانێک کە ساڵانێکە لە نزیکەوە ئەزموونی پێشهاتەکانی هەرێم دەکات دەڵێت؛
"خەڵکی ئاسایی هەمیشە زۆرترین باج دەدەن بۆ شەڕ، هەر شەڕێک لەم ناوچەیەدا پێش هەموو شتێک بەر ئابووری دەکەوێت".
بەشێک لە هاوڵاتیان لە گفتوگۆکانیاندا ئاماژە بە ئەزموونی کوردەکانی سوریا دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە پێشهاتەکانی باکوری سوریا لەم ساڵانەی دواییدا دەریخستووە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هاوکێشەکانی دەسەڵات دەتوانن بە خێرایی بگۆڕدرێن.
شۆفێرێکی تاکسی لە سلێمانی دەڵێت؛
دەشڵێت: "کوردەکانی سوریا سەردەمانێک پێیانوابوو پاڵپشتیی زلهێزەکان هەمیشەییە، بەڵام دواتر بینیمان دۆخەکە گۆڕا، هەر بۆیە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە وریاییەوە سەیری پێشهاتەکان دەکەن".
هەروەها بەشێک لە هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی کە تەشەنەکردنی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت هەموو ناوچەکە بخاتە قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیرییەوە. بە گوتەی ئەوان، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و خەڵکێکی زۆر نیگەرانن لەوەی ئەم هەرێمە ببێتە سەنگەری زلهێزە ئیقلیمییەکان.
چالاکوانێکی ڕاگەیاندن لە سلێمانی بە پەیامنێرمان ڕاگەیاند: خەمی گەورەی خەڵک ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕەدا بەشدار بێت، خەڵکی ئێرە لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە سەقامگیری هەیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەوەری شەڕ لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵکی شارەکانی ناوچەکەدا دیار بووە. زۆرێک لە هاووڵاتیان بە وەبیرهێنانەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەزۆری دەرئەنجامەکانی لە دەرەوەی بەرەکانی شەڕ هەیە و کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەیە.
ئەوەی لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاوڵاتیانی شاری سلێمانیدا دیارە، جۆرێکە لە نیگەرانی وریایانە سەبارەت بە ئایندەی پێشهاتەکانی ناوچەکە؛ نیگەرانییەک لەوەی کە ململانێکانی ئێستا جارێکی دیکە دەچنە قۆناغێکی نوێی قەیرانەوە لە ناوچەیەکدا کە ساڵانێکە لەگەڵ ناسەقامگیریدا خەبات دەکات.
بە گشتی ئەوەی لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، جۆرێکە لە تێڕوانینی وریایانە بۆ ڕۆڵی زلهێزەکان لە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا. زۆر کەس بە ئاماژەدان بە ئەزموونەکانی ڕابردوو، پێیان وایە لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرووی هەموو شتێکەوە بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەکەن و لە زۆر حاڵەتدا دوای گەیشتن بە ئامانجە سیاسی یان سەربازییەکانیان، گرنگییەکی ئەوتۆ بە چارەنووسی ئەو خەڵکە نادەن کە لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتانەدان. هەروەها ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو لە عێراق و سوریا وایکردووە بەشێک لە بیروڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان بە گومانەوە سەیری بەڵێن و سیاسەتی زلهێزە دەرەکییەکان بکەن و بە نیگەرانی و وریاییەوە بەدواداچوون بۆ ئایندەی ناوچەکە بکەن.