جام کوردی - گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت کە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان داوای لێبووردن لە کەس ناکەن، کۆماری ئیسلامی سوورە لە سەرئەوەی بەردەوام بێ لە بەرگریکردن لە وڵات.
ئیسماعیل بەقایی رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، رایگەیاند: "کێشەمان لەگەڵ هیچ ولاتێک نییە، بەڵام بۆ بەرگری لە ئێران داوای لێبووردن لە کەس ناکەین."
ڕاشیگەیاند: "یاساکان رێگە نادەن هیچ وڵاتێک خاکی خۆی بداتە وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتی سێیەم."
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد: "قسەکانی مەسعود پزیشکیان بە هەڵە لێکدراوەتەوە، سەرۆککۆمار جەختی لە وەڵامدانەوەی هەر سەرچاوەیەک کردووەتەوە لەوێوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەمان."
گوتیشی: "بیرمان نەچێت ئێران جەنگی دەست پێنەکردووە، بەڵکو ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیل بوون دەستیان پێکرد و ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین."