جام کوردی ـ ​مامۆستا مەلا سامان هەڵەبجەیی، پێشنوێژ و وتارخوێن، لە شیکردنەوەیەکی تایبەتدا بۆ جام کوردی، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران و دیاریکردنی ڕێبەری نوێ، ڕایگەیاند: ئێران وەک دەوڵەتێکی دێرین و هێزێکی ناوچەیی، هەمیشە لە ناوەندی ململانێ و جەنگی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە.ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، شێوازی مامەڵەکردنی شێخ موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ، چ لەگەڵ ناوخۆی ئێران و چ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژئاوا، بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە.

​بە بڕوای مامۆستا سامان، ئەگەر ڕێبەری نوێ بتوانێت سیاسەتێکی تازە و میهرەبانانە پەیڕەو بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا پتەوتر بکات، دەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل وڵاتانی دەوروبەر وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن. جەختیشی کردەوە کە موجتەبا خامنەیی هەم ئەزموونی باوکی و هەم دیدگایەکی نوێی پێیە، کە دەتوانێت گەلانی ئێران ڕزگار بکات و قەوارەی دەوڵەتەکەش لە مەترسییەکان بپارێزێت.

​لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو پێش نوێژو وتارخوێنەی هەڵەبجە تیشکی خستە سەر کاریگەریی هەر پشێوییەک لە ئێراندا لەسەر هەرێمی کوردستان و وتی: "وەک هاوسێیەک، هەر ناسەقامگیرییەک لە ئێراندا زیانی ڕاستەوخۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئێمە وەک قەوارەیەک زیاتر لە هەر لایەک کاریگەر دەبین." لە کۆتاییدا هیوای خواست کە هەڵبژاردنی سەید موجتەبا خامنەیی ببێتە سەرەتایەک بۆ گونجان لەگەڵ جیهان و کۆتاییهێنان بە جەنگ، تاوەکو گەلانی ئێران و ناوچەکە لەو نەهامەتییانە ڕزگاریان بێت.