جام کوردی - شێخ حوسێن خوشناو، وتاربێژی حوسێنییەی سلێمانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ جام کوردی، پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی ئێران و ئازادیخوازانی جیهان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران.
وتاربێژی حوسێنییەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە کاتێکی هەستیاردا هات، کاتێک دوژمنان چاوەڕوانی تێکچوونی دۆخی ئێرانیان دەکرد، بەڵام زانایان و دانایانی ئەو وڵاتە بە عەقڵێکی فراوان و لێکدانەوەیەکی جیهانی، توانییان ئەو بۆشاییە بە کەسایەتییەکی لێهاتووی وەک موجتەبا خامنەیی پڕ بکەنەوە.
وتیشی: "بەدڵنیاییەوە سیفەتەکانی ڕێبەری کۆچکردوو لە جەنابی سەید موجتەبادا ڕەنگی داوەتەوە، چونکە ئەو پەروەردەکراوی دەستی ڕێبەری گەورە بووە."
شێخ حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە لە لایەک بووەتە مایەی "تۆقاندنی دوژمنان" و لە لایەکی ترەوە بووەتە هۆی خۆشحاڵی دۆستانی کۆماری ئیسلامی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ ڕێبەری نوێ خواست و نزای کرد کە گەلی ئێران و ئازادیخوازان زاڵ بن بەسەر "ئەمریکای شەیتانی گەورە" و ئیسرائیلدا، کە بە نوکەری ئەمریکای وەسف کرد.